لە هەنگاریا هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، هاووڵاتیانی هەنگاریا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بەڕێوەدەچێت، کێبڕکێی نێوان ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیران و ئۆپۆزسیۆن گەرمتر بووە، هەروەها ئەوروپییەکان دەیانەوێت کۆتایی بە ژیانی سیاسی و دەسەڵاتی ئۆربان بهێنن.
هەڵبژاردنەکەی هەنگاریا لەکاتێکدایە کە قەیرانی ئابووریی و تۆمەتی شکاندنی یاسا لای حکوومەتەکەی ئۆربان وڵاتەکەی بەرەو کەنارێکی مەترسیدار بردووە.
ئەمریکا بە گرنگیەوە لەو هەڵبژاردنە دەڕوانێت و جێگری سەرۆکی وڵاتەکە جەی دی ڤانس بەر لەوەی گەشت بۆ پاکستان بکات، بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ ئۆربان دەکرد، چونکە بە یەکێک لە لایەنگرانی ئیدارەی ترەمپ دادەنرێت.
ئۆربان لە بانگەشەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر پرسەکانی سەروەری سیاسی خۆجێی و کۆچ، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بانگەشەکانی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا بووە.
راپرسییەکانی هەنگاریا دەریدەخەن، کێبڕکێی سەخت لە نێوان پارتی 'فیدیس'ـی ڤیکتۆر ئۆربان و تێکڕای پارتەکانی دیکە دەبێت، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت پارتەکەی ڤیکتۆر ئۆربان، 48% تا 54% ـی دەنگەکان و بەرهەڵستکارەکانیش بە یەکەوە لە باشترین دۆخدا 45% تا 48% دەنگەکان بەدەست بهێنن، کە بەسەر هاوپەیمانی دیموکراتی، بزاوتی بەرجەستەی هێز، جۆبیک، پارتی سۆسیالیستی هەنگاریا و پارتە بچووکەکان دابەش دەبن.
سیستەمی هەڵبژاردنی هەنگاریا لە بەرژەوەندی گەورەترین پارتە، بۆیە تەنانەت ئەگەر بەرهەڵستکارەکان لە ئۆربانیش نزیک ببنەوە، هێشتا بردنەوەیان بە ئەستەم دەبیندرێت.
رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی رابردووی هەنگاریا لە نێوان 65% بۆ 75% بووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش پیشبینی دەکرێت هەر ئەم رێژەیە بەشداربێت کە دەکاتە نزیکەی 8 ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو و دەنگ بۆ 199 کورسی پەرلەمان دەدەن.