سەنعان عەبدوڵڵا: ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی ژینگەیی جێبەجێ دەکرێن

گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی کاریگەری لەسەر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێت لە شاردا، هەروەها رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 20٪.

ئەمڕۆ هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی جیهانیی ژینگە میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12ـی کوردستان24بوو و  رایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی جیهان رووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلان و نەخشەڕێگەی زانستی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان گرتووەتەبەر.

گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو بەڵگەنامەی گرنگی پەسند کردووە، کە بریتین لە "بەڵگەنامەی خۆگونجاندنی ناوخۆیی" و "بەڵگەنامەی کەمکردنەوەی ناوخۆیی". ئەم بەڵگەنامانە کار لەسەر سێکتەرە سەرەکییەکانی وەک: ئاو، خۆراک، جۆراوجۆری زیندەوەران و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی دەکەن، تاوەکو کوردستان بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوا هەنگاو بنێت.
سەبارەت بە پاکبوونی هەوای شارەکان، سەنعان عەبدوڵڵا تیشکی خستە سەر پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند "ئەم پڕۆژەیە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان، کە یەکێک بوون لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە". 

گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاشکرای کرد، کە رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 20٪. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەی "پشتێنەی سەوزی هەولێر" پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتووە؛ ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا پلەی گەرمی شار نزم دەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و دروستکردنی ناوەندێکی گەشتیاری و ئابووری بۆ ناوچەکە.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە گرنگەکانی قسەکانی سەنعان عەبدوڵڵا، پرسی پاشماوە و خۆڵ و خاشاک بوو. ناوبراو رایگەیاند؛ رۆژانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار تۆن پاشماوە کۆدەکرێتەوە، کە تێچووی هەر تۆنێک بۆ حکوومەت نزیکەی 50 هەزار دینارە. بۆ چارەسەری ئەمەش، حکوومەت پلانی هەیە بۆ دروستکردنی کارگەی "مروژاندنەوە" (دووبارە بەکارهێنانەوە - Recycling)، تاوەکو پاشماوەکان بگۆڕدرێن بۆ وزە و داهات بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە چوارچێوەی "ئابووریی بازنەیی"دا دەبێت.