هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا کەمی کردووە

ئیدارەی وزەی ئەمریکا  رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا دابەزینی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە 120 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاماری هەفتەی رابردووی هاوردەکردنی نەوتی بۆ وڵاتەکەی بڵاو کردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان، تێکڕای هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا لە حەوت وڵاتی سەرەکییەوە، گەیشتووەتە 5.622 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕە بەراورد بە هەفتەی پێشتر 218 هەزار بەرمیل کەمی کردووە، لە کاتێکدا پێشتر 5.840 ملیۆن بەرمیل بووە.

بە گوێرەی ئامارەکان، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە 120 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی پێشووتر بڕی هەناردەی عێراق بۆ ئەمریکا 140 هەزار بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا، واتە لە هەفتەی رابردوودا بڕی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا 20 هەزار بەرمیل کەمی کردووە. 

وڵاتانی پێشەنگ لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا:

کەنەدا:   4.271 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە پلەی یەکەم دێت.
سعودیە:  589 هەزار بەرمیل.
ڤەنزوێلا:  321 هەزار بەرمیل.
مەکسیک:  165 هەزار بەرمیل.
بەرازیل:  114 هەزار بەرمیل.
لیبیا:  42 هەزار بەرمیل.
بە گوێرەی ئاماری ئیدارەی وزەی ئەمریکا، لە هەفتەی رابردوودا هەریەکە لە وڵاتانی نێجیریا، کۆڵۆمبیا و ئیکوادۆر هیچ بڕە نەوتێکیان بۆ ئەمریکا هەناردە نەکردووە.

ئەمریکا بە بەکارهێنانی رۆژانەی 20 ملیۆن بەرمیل، بە گەورەترین بەکاربەری نەوت لە جیهاندا دادەنرێت، هاوکات زۆربەی نەوتی خاو و پێداویستییەکانی لەم 10 وڵاتە سەرەکییەوە دابین دەکات.