دەستەی پەخشی ئیسرائیل: ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران درێژدەکرێتەوە
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات، ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران درێژدەکرێتەوە، ئەمەش بەمەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاترە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەو وڵاتەوە ئاشکرایکردووە، ئەگەرێکی بەهێز هەیە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی دوو هەفتەیی ئەمریکا و ئێران بەمەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دانوستان بەڵکو لەو رێگەیەوە بگەنە ئەنجامێک.
ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئێران ئەمریکا لەسەر پرسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران رێککەون، ئەوە رێککەوتن لەسەر پرسەکانی دیکەش قورس نابێت، لەبەر ئەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران خاڵی سەرەکی ناکۆکی نێوان هەردوولایە، شاندی ئەمریکاش رەشنووسێکی رێککەوتنی بۆ ئێران بەجێهیشتووە پێش جێهێشتنی پاکستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئاباد رایگەیاند، "شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کرد، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتنێکی وا کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت." ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لایەنی ئەمریکی باشترین پێشنیازیان پێشکەش بە لایەنی ئێرانی کردووە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتری ناوەڕۆکی پێشنیازەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.
ڤانس جەختی کردەوە، ئێران بڕیاریداوە مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ نەکات و گوتی، "دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تێکدراون، بەڵام لایەنی ئێرانی بەڵێنی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەداوە و هیچ پابەندییەکی دڵنیامان لێ نەبیستوون سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی."
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە چاوچنۆکییەکانی ئەمریکا رێگر بووە لەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش.
سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران رایگەیاند: "ئێران هیچ پلانێکی بۆ خولی داهاتووی دانوستانەکان نییە." هەروەها تیمی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی تەنیا "بەدوای بیانوودا گەڕاون بۆ جێهێشتنی مێزی دانوستان" و ئامادە نەبوون ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری پاکستانی کە چاودێری کۆبوونەوەکانی کردووە، "رەوشی گفتوگۆکانی بە پڕ لە گرژی و هەڵبەز و دابەز وەسف کرد." بە وتەی سەرچاوەکە، کەشی کۆبوونەوەکان لە نێوان "توندبوونەوە و ئارامیدا" بووە، تا دواجار شاندە ئەمریکییەکە بەبێ رێککەوتن کۆتایی بە دیدارەکان هێنا و بەرەو واشنتن گەڕایەوە.