قالیباف: ئەمریکا ئیرادەمان تاقی بکاتەوە وانەیەکی گەورەتری پێ دەدەین

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتی گەڕانەوەی لە دانوستانەکانی پاکستان، وەڵامی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپی دایەوە و رایگەیاند کە گەلی ئێران بە هەڕەشە خۆبەدەستەوە نادات و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هێرشێکن.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای گەڕانەوەی لە ئیسلام ئاباد، ستایشی خۆڕاگری گەلی ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئامادەیی خەڵک لە شەقامەکاندا و پشتیوانییان لە پەیامی رێبەری باڵا، هێزێکی گەورەی بە تیمی دانوستانکار بەخشیوە. گوتیشی: "ئەم ئامادەییە وایکرد لایەنی بەرانبەر تێگەیشتن و ناسینێکی باشتر بۆ شۆڕشی ئێمە پەیدا بکات."

سەبارەت بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ، قالیباف جەختی کردەوە، "ئەم جۆرە هەڕەشانە کاریگەرییان لەسەر ئێران نییە، ئێمە سەلماندوومانە کە ئەمە تەنیا دروشم نییە و جیهان بە چاوی خۆی بینیویەتی." گوتیشی: "ئەمریکییەکان ئەگەر بجەنگن، ئێمەش دەجەنگین، و ئەگەر بە لۆژیک بێنە پێشەوە، بە لۆژیک وەڵامیان دەدەینەوە. جارێکی دیکە ئیرادەی ئێمە تاقی بکەنەوە، وانەیەکی گەورەتریان پێ دەدەین."

قالیباف ئاماژەی بە 47 ساڵەی بێمتمانەیی لە نێوان تاران و واشنتن کرد و گوتی: "ئەوان لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا دوو جار لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا هێرشیان کردە سەر ئێمە، بۆیە ئەوانن کە دەبێت متمانەی ئێمە بەدەستبهێننەوە، چونکە قەرزاری گەلی ئێرانن."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەستخۆشی لە تیمی دانوستانکاری کرد کە بۆ ماوەی زیاتر لە 21 کاتژمێر گفتوگۆی چڕ و چالنجکاریان ئەنجامداوە و رایگەیاند کە سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونەکان، هەمووان لە پاراستنی مافەکانی گەلی ئێراندا یەکدەنگ و هاودڵ بوون.