پزیشکیان: ئەگەر ئەمریکا واز لە پاوانخوازی بهێنێت رێکدەکەوین

سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکی نوێدا رایگەیاند کە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن هێشتا لەئارادایە، بەو مەرجەی ئەمریکا دەست لە پاوانخوازی هەڵگرێت. 

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" کاردانەوەی بەرانبەر ئەنجامی دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئیسلام ئاباد نیشاندا. 

پزیشکیان نووسیویەتی: "ئەگەر حکوومەتی ئەمریکا دەست لە پاوانخوازی (تۆتالیتاریزم) هەڵگرێت و رێز لە مافەکانی گەلی ئێران بگرێت، بێگومان رێگەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەدۆزرێنەوە."

ئەم پەیامەی سەرۆککۆمار لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بە بنبەست گەیشتوون و واشنتن مەرجی توندی بۆ تاران داناوە. پزیشکیان بەم پەیامە دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام کلیلەکەی خستووەتە دەست گۆڕینی رەفتارەکانی ئەمریکا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، پزیشکیان وەک نیشاندانی یەکڕیزی ناوخۆیی و پشتگیری لە شاندی وڵاتەکەی گوتی: "دەستخۆشی لە ئەندامانی شاندی دانوستانکار، بەتایبەتی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەکەم."

ئەم هەڵوێستەی پزیشکیان دوای ئەوە دێت کە محەممەدباقر قالیباف،  دوای گەڕانەوەی لە پاکستان، هێرشی توندی کردە سەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ و رایگەیاند کە ئەمریکا قەرزاری گەلی ئێرانە و دەبێت متمانە دروست بکاتەوە.