هەنگاریا.. پیتەر مادیار کۆتایی بە 16 ساڵ دەسەڵاتی ڤیکتۆر ئۆربان هێنا
کاندیدی پارێزگاران و ڕکابەری سەرسەختی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی هەنگاریا بەدەستهێنا. ئۆربان کە بۆ ماوەی 16 ساڵە حوکمی وڵات دەکات، بەفەرمی دانی بە شکستی خۆیدا نا و پیرۆزبایی لە پیتەر ماگیار کرد.
یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، پیتەر ماگیار، سەرۆکی پارتی تیسا و کەسایەتیی نوێی گۆڕەپانی سیاسی هەنگاریا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاند: ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیران پەیوەندیی پێوە کردین بۆ ئەوەی پیرۆزبایی سەرکەوتنمان لێ بکات."
ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەکان هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دوای جیاکردنەوەی 53.45%ـی دەنگەکان دەریانخست کە پارتی تیسا 52.49%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا پارتی فیدێزی ئۆربان تەنیا 38.83%ـی دەنگەکانی هێناوە.
دوای جیاکردنەوەی نزیکەی 68%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەنگاریا، پارتی "تیسا" بە رابەرایەتی پیتەر ماگیار توانیویەتی 137 کورسی لە کۆی 199 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. ئەم ئەنجامە مێژووییە دەسەڵاتی زۆرینەی رەها دەداتە پیتەر ماگیار بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە وڵاتدا.
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، لە گوتارێکدا بۆ لایەنگرانی دانی بە شکستی پارتەکەیدا نا و گوتی: "ئەنجامەکان، هەرچەندە هێشتا کۆتایی نین، بەڵام روون و ئاشکران؛ بۆ ئێمە بە ئازارن؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە گەلی هەنگاریا جارێکی دیکە متمانەی حوکمڕانییان پێنەسپاردوونەتەوە.
ڤیکتۆر ئۆربان، گوتیشی: "ئەرکی ئێمە روونە؛ لەبەر ئەوەی چیتر قورسایی حکومڕانی وڵاتمان لەسەر شان نییە، دەبێت کار بکەین بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکەمان."
هەروەها سوپاسی ئەو دوو ملیۆن و نیو دەنگدەرەی کرد کە متمانەیان بە پارتەکەی بەخشیوە و بەڵێنی پێدان کە هەرگیز پشتیان تێناکات. سەبارەت بە داهاتووی سیاسی پارتەکەشی گوتی: "خەڵک یەک شت دەربارەی ئێمە دەزانن، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە هەرگیز کۆڵ نادەین. رۆژانی داهاتوو تەرخان دەکەین بۆ سارێژکردنی برینەکانمان."
پیتەر ماگیار کە پێشتر کەسێکی ناو بازنەی دەسەڵاتەکەی ئۆربان بووە، تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا توانی وەک ڕابەری ئۆپۆزسیۆن دەربکەوێت. ئەو بەڵێنی داوە شەڕی گەندەڵی بکات و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئابووری مەجارستان ببووژێنێتەوە. سەرکەوتنی پیتەر ماگیار لە کاتێکدایە کە رێژەی بەشداری لە دەنگداندا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە 77.8%.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە بە هەردوو زمانی فەرەنسی و هەنگاری بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "تەنیا ئێستا لەگەڵ پیتەر ماگیار قسەم کرد بۆ ئەوەی پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی لێ بکەم."
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا ستایشی ئەم سەرکەوتنە دەکات کە وەک سەركەوتنی بەشداریی دیموکراسی و پابەندبوونی گەلی هەنگاریا بە بەهاکانی یەکێتیی ئەوروپا وەسفی کرد. گوتیشی: "پێکەوە ئەوروپا بە سەروەرتر دەکەین، بۆ ئاسایشی کیشوەرەکەمان، توانای رکابەری و دیموکراسییەکەمان."
لەلایەکی دیکەوە، فریدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی پیتەر ماگیار کرد دوای ئەوەی پارتی تیسا توانی پارتی "فیدێز"ـی ڤیکتۆر ئۆربان ببەزێنێت. مێرز گوتی: "بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی کارکردنم لەگەڵتدا." جەختیشی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە هێزەکان یەکبخرێن بۆ دروستکردنی ئەوروپایەکی بەهێز، ئارام و یەکگرتوو.
ئەم هەڵبژاردنە بە وردی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە چاودێری دەکرا. ڤیکتۆر ئۆربان کە خۆی وەک "دڕکێک" لە جەستەی یەکێتیی ئەوروپا دەناساند و پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هەبوو، پشتیوانییەکی بەهێزی لەلایەن دۆناڵد ترامپ و جەی دی فانسەوە لێدەکرا. ترامپ بەڵێنی دابوو کە تەواوی هێزی ئابووری ئەمریکا بۆ خزمەتی ئۆربان بەکاربهێنێت ئەگەر سەرکەوێت.