زیقار.. دوو کەس بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانیان لە دەست دا
عەلی حەموود، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری ڤێتێرنەری لە زیقار ئاشکرای کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا نۆ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە تۆمارکراون و مەترسییەکان روو لە زیادبوونن.
راشیگەیاند: "لە کۆی ئەو نۆ کەسەی تووشی نەخۆشییەکە بوون، دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە." ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی و تەندروستیی پێویست بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە.
عەلی حەموود، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری ڤێتێرنەری لە زیقار، هۆشداری دا لە زیادبوونی مەترسییەکانی تای خوێنبەربوون. ئەو هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە، لەوانە:
1- بەردەوامی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەناو جەرگەی شارەکاندا.
2- سستی و جێبەجێ نەکردنی یاسای قەدەخەکردنی لەوەراندنی ئاژەڵ کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە.
3- تێکەڵبوونی ژینگەی گوند و شار، بەتایبەت لە گەڕەکە هەڕەمەکییەکاندا، کە وای کردووە نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ بە ئاسانی بگوازرێنەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بڵاوبوونەوەی خۆڵ و خاشاک لەناو گەڕەکەکاندا، خاوەن مەڕ و ماڵاتەکانی هان داوە ئاژەڵەکانیان بهێننە ناو ناوچە نیشتەجێبووەکان بۆ ئەوەی لەوێدا بچەرێن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە چەند هێندە زیاد دەکات.
هەروەها رەخنەی لە هەندێک لە دوکانەکانی گۆشتفرۆش گرت، بەبێ گوێدانە رێنماییە تەندروستییەکان، ئاژەڵ لە بەردەم دوکانەکانیان دەبەستنەوە و سەر دەبڕن، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر تەندروستیی گشتیی وەسف کرد.
عەلی حەموود باسی لەوەش کرد، جێبەجێکردنی یاسا و رێگرییەکان رووبەڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و عەشایەری دەبێتەوە، جگە لە نەبوونی کوشتارگەی مۆدێرن و رێکخراو کە ببێتە جێگرەوەیەک بۆ سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی تەندروست.