ترەمپ بۆ پاپا لیۆی چواردەیەم: من هەوادارت نیم
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان رایگەیاند؛ ئەو یەکێک نییە لە هەوادارانی پاپا لیۆی چواردەیەم، ئەمەش دوای ئەوە هات، پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی جیهان رۆژی شەممە، بانگەوازێکی بۆ ئاشتی راگەیاندبوو.
ترەمپ لە بنکەی ئاسمانی ئەندرۆزی هاوبەش لە ویلایەتی میریلاند گوتی: "من لە هەوادارە سەرسەختەکانی پاپا لیۆ نیم. ئەو کەسێکی زۆر لیبراڵە و پیاوێکە بڕوای بە بەرەنگاربوونەوەی تاوان نییە"، هەروەها پاپای تۆمەتبار کرد بەوەی "خۆی لە وڵاتێک نزیک دەکاتەوە کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات."
رۆژی شەممە، پاپا تەمەن 70 ساڵانەکە داوای لە سەرکردەکان کرد کۆتایی بە شەڕەکان بهێنن و گوتی: "پەرستنی خود و پارە بەسە، نیشاندانی هێز بەسە، شەڕ بەسە."
ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" قسەکانی بۆ رۆژنامەنووسان دووبارە کردەوە و گوتی: "پاپایەکم ناوێت پێی وابێت ئاساییە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لەلایەکی دیکەوە، واشنتن و ڤاتیکان لەم دواییانەدا ئەو راپۆرتانەیان رەتکردەوە، باس لە بوونی ناکۆکی لە نێوانیاندا دەکەن.
رۆژی هەینی، بەرپرسێکی ڤاتیکان ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، گوایە بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن سەرزەنشتێکی توندی نێردەی کەنیسەی لە ئەمریکا کردووە بەهۆی رەخنەکانی پاپا لیۆ لە ئیدارەی ترەمپ.
ماڵپەڕی "زە فری پرێس" ئاماژەی بەوە کردبوو، پێنتاگۆن لە مانگی کانوونی دووەمدا کاردیناڵ کریستۆف پیێری بانگهێشت کردووە و لەلایەن ئێلبریج کۆڵبی، یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی، تانە و سەرکۆنە کراوە، بەڵام پێنتاگۆن ئەم گێڕانەوەیەی رەتکردەوە و بە شێوێندراو وەسفی کرد.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەرپرسە سەربازییەکە بە کاردیناڵەکەی راگەیاندووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "هێزی سەربازیی هەیە بۆ ئەوەی هەرچییەکی بوێت ئەنجامی بدات.و باشترە بۆ کەنیسە کە لە تەنیشتی بوەستێت."