گواردیۆلایەكەی ئێران دەبێتە راهێنەری دهۆك

ئەو پیاوەی وەكو یاریزان و راهێنەر هەوڵی دا كریستیانۆ بوەستێنێت

یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری نوێی دهۆك لە مۆندیالی 2006 بەرامبەر پۆرتوگال.
یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری نوێی دهۆك لە مۆندیالی 2006 بەرامبەر پۆرتوگال.

ستافێكی ئێرانی بە راهێنەرایەتی یەحیا گوڵمحەمەدی لەگەڵ یانەی دهۆك بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق دەستبەكار دەبن، تێچووی گواستنەوەی ئەو ستافە ئێرانییە بۆ هەڵۆیەكانی بادینان بە 600 هەزار دۆلار دەخەملێندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3 حوزەیرانی 2026، یەحیا گوڵمحەمەدی كاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران و راهێنەری پێشووی فولاد خوزستان بۆ پەیوەندیكردن بە ریزەكانی هەڵۆیەكان گەیشتە شاری دهۆك و پێشبینی دەكرێت لە چەند كاتژمێری داهاتوو بە فەرمی ئەو راهێنەرە ناودارەی ئێران وەكو راهێنەری نوێی یانەی دهۆك بناسێندرێت.


یەحیا گوڵمحەمەدی كێیە؟ 
یەحیا گوڵمحەمەدی، یەكێك بوو لە ناودارترین یاریزانەكانی هەڵبژاردەی ئێران، ئێران لە كۆی ئەو شەش مۆندیالەی بەشداری كردووە تەنیا 13 گۆڵی كردووە، یەكێك لەو 13 گۆڵانەی ئێران، یەحیا گوڵمحەمەدی تۆماری كردووە، ئەو گۆڵەش لە مۆندیالی 2006 لە دژی هەڵبژاردەی مەكسیك بوو.
یەحیا گوڵمحەمەدی هاوشانی عەلی دایی و نەوەی زێڕینی ئێران لە مۆندیالی 2006 بەرامبەر پۆرتوگال یاریی كرد، لەو یارییەدا پۆرتوگال بە دوو گۆڵی بێوەڵام یارییەكەی بردەوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ زەحمەتییەكی زۆری بەرامبەر هێڵی بەرگری ئێران بینی كە یەحیا گوڵمحەمەدی رابەرایەتی دەكرد، كریستیانۆ لەو یارییەدا گۆڵێكی بە پێناڵتی كرد.
یەحیا گوڵمحەمەدی، لە 2023 وەكو راهێنەر چاوی بە كریستیانۆ رۆناڵدۆ كەوتەوە، كاتێك لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا وەكو راهێنەری پێرسپۆلیس میوانداریی یانەی نەسری سعوودیەی كرد، لەو یارییەدا نەسر بە دوو گۆڵی بێوەڵام یارییەكەی بردەوە بەبێ ئەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ هیچ گۆڵێك بكات.

ناودارترین راهێنەری ئێستای ئێرانە
یەحیا گوڵمحەمەدی، لە لوتكەی ناودارترین و باشترین راهێنەرەكانی ئێستای ئێرانە، راهێنەرایەتی یانەكانی پێرسپۆلیس، نەفتی تاران، زۆب ئاهەن، تراكتۆرسازی و فولاد خوزستانی كردووە، 9 نازناوی خول و جام و سووپەری ئێرانی لەگەڵ یانەكانی پێرپۆلیس و زۆب ئاهەنی ئێرانی بردووەتەوە، بە باشترین راهێنەری وەرزی 2014 ـ 2015 دیاریكرا.
یەحیا گوڵمحەمەدی، دوایینجار راهێنەری فولاد بوو، لە كۆی 18 یاری، 5 بردنەوە، 5 دۆڕان و 8 یەكسانبوونی تۆمار كرد و پێش ئەوەی وەرزەكە تەواو بكات لە ریزبەندی حەوتەم یانەكەی جێهێشت، بەوپێیەی خولەكە بەهۆی ئەو جەنگەی ڕووی لە ئێران كرد هەڵوەشایەوە.


تایبەتمەندییەكانی یەحیا گوڵمحەمەدی 
 یەحیا گوڵمحەمەدی، وەكو راهێنەر، زیاتر مەیلی پلانی بەرگریی هەیە، بەوپێیەی پێشتر خۆی وەكو یاریزان لە هێڵی بەرگری یاریكردووە، راهێنەرێكی زۆر هێمن و لەسەرخۆیە، لەگەڵ یاریزانان و تیمەكەی زۆر رووخۆش و هاوڕێیانەیە، بەڵام زۆر توندە و رێگە بە هیچ دەستێوەردانێك نادات، هەر كەسێك سنووری كارەكەی ببەزێنێت زۆر بە توندی بەرەنگاری دەبێتەوە، توانای كۆنترۆڵكردنی تیپی هەیە و زۆر بوێرە لە دەرفەتدان بە یاریزانی لاو، ئەو كاتێك سەرپەرشتی تیپێك دەكات سەیری ناوی گەورە و ئەستێرە ناكات، هەر یاریزانێك گوێڕایەڵی ڕێنماییەكانی نەكات لە پێكهاتەی تیپەكەی دووری دەخاتەوە.