مۆسکۆ: ناردنی هێزی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی وێستگەی بوشەهر بەستراوەتەوە بە رەزامەندی ئێران
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ناردنی هەر هێزێکی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە ئێران، تەنها بە رەزامەندی و مۆڵەتی فەرمی تاران جێبەجێ دەکرێت.
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، کیریل لۆگڤینۆڤ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئاماژەی بەوە کرد، رەزامەندی دەوڵەتی خانەخوێ مەرجی بنەڕەتی و هەرە گرنگە بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان"، راشیگەیاند، جێگیرکردنی هێز لە بوشەهر تەنها لە کاتێکدا دەبێت، تاران ئامادەیی بۆ پێشوازیکردن لە نێردەیەکی لەو شێوەیە نیشان بدات.
ئەم لێدوانەی رووسیا دوای ئەوە دێت، وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی چەندین هێرش بووەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، تەنها لە مانگی ئاداردا سێ جار مووشەک لە دەوروبەری وێستگەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
لە دوایین پەرەسەندندا، دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، بۆ جاری چوارەم وێستگەکە کراوەتە ئامانج، بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و زیانی ماددی زۆر بەر شوێنەکە کەوتووە، ئەمەش هۆشداریی توندی لێکەوتووەتەوە لەبارەی ئەگەری روودانی کارەساتێکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا.
رافائیل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، داوای لە هەموو لایەک کردووە ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن بۆ ئەوەی ناوچەکە لە مەترسیی رووداوی ئەتۆمی بپارێزرێت.
هاوکات ئەلێکسی لیخاتچیۆڤ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای رووس ئەتۆمی رووسی کە سەرپەرشتی وێستگەکە دەکات، جەختی کردەوە، دۆخی ئەمنیی ناوچەی بوشەهر بەردەوام بەرەو خراپتربوون دەچێت، ئەمەش مانای گەیاندنی مەترسی زیاترە بۆ سەر وێستگەکە، هاوکات هۆشداریداوە، ئەگەر وێستگەکە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بکرێتە ئامانج بە هۆی بڵاو بوونەوەی تیشکی ئەتۆم زیان بە ئێران ناوچەکە بەگشتی دەگات.