چین وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، لین شیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی چەند پرسێکی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و گرژییە نێودەوڵەتییەکانی دایەوە، بەتایبەت لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و کێشە سنوورییەکانی لەگەڵ فلیپین.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی %50ی بەسەر کاڵا چینییەکاندا کردبوو ئەگەر چین هاوکاریی ئێران بکات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: "هەڵوێستی چین زۆر روونە؛ لە شەڕی گومرگی و بازرگانیدا هیچ لایەنێک براوە نابێت." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەم جۆرە سزایانە زیان بە ئابووریی هەردوولا و جیهانیش دەگەیەنێت.
سەبارەت بە کێشە دەریاییەکانی نێوان چین و فلیپین و بڵاوبوونەوەی بەلەمە چینییەکان لەو ناوچانەی فلیپین بە سنووری خۆی دەزانێت، لین شیان جەختی کردەوە، ئەو ناوچانە بەشێکی دانەبڕاون لە سەروەری خاکی چین. گوتیشی: "بەلەمە چینییەکان لە ناوچە ئاوییەکانی خۆماندا بوون، بەڵام لایەنی فلیپینی بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو سنوورەکانمان و کێشەیان دروست کردووە." چین دەڵێت فلیپین یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و گرژییەکانی زیاتر کردووە.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، پرسیار ئاراستەی گوتەبێژەکە کرا سەبارەت بە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و هەڵوێستی چین ئەگەر ئەمریکا هەوڵی بلۆککردنی بدات. لین شیان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی داوای سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و پێویستە هەموو لایەک پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن بۆ پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان و دوورکەوتنەوە لە هەر هەنگاوێک کە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.
ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی لە کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عوممان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.