هاکان فیدان: ئێران و ئەمریکا لە پابەندبوون بە ئاگربەست جددین
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند؛ ئێران و ئەمریکا لە پرسی گەیشتن بە ئاگربەست جدیین و درک بە پێویستی ئەو هەنگاوە دەکەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن لە ئارادایە. بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا لەوەی ئیسرائیل ببێتە کۆسپ لەبەردەم ئەم پرۆسەیە.
فیدان گوتیشی: "گەیشتنی پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە قۆناخی (هەموو شتێک یان هیچ) لە دانوستانەکاندا، رەنگە کێشەی گەورە دروست بکات."
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەک ئامرازێک بۆ شکاندنی بنبەستی دانوستانەکان، بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی سنووردار بۆ سەر ئێران و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر گەرووی هورمزدا دەکاتەوە.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ دوای ئەوە دێت دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە پاکستان دوچاری شکستی کاتی بوون. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن: هێرشی سەرانسەری بژاردەیەکی دوورە، چونکە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە، بەڵام لێدانی سنووردار و گەمارۆی کاتی لەژێر تاوتوێکردندان.
لە نوێترین پێشهاتدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ لە کاتژمێر 10:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، بەکاتی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی دەخەنە سەر بەندەرەکانی ئێران.
سێنتکۆم روونیکردەوە، گەمارۆکە بە شێوەیەکی "بێلایەنانە" بەسەر هەموو ئەو کەشتیانەدا دەسەپێنرێت روو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێی دەردەچن. بەڵام رێگە بە هاتوچۆی ئەو کەشتیانە دەدرێت کە لە نێوان بەندەرە نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا دەجوڵێنەوە و تەنیا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.
بەگوێرەی پلاتفۆرمەکانی چاودێری هاتوچۆی دەریایی، جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستە سەرەتاییەکەوە تا ئێستا، تەنیا نزیکەی 40 کەشتی بازرگانی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، ئەمەش نیشانەی توندی گرژییەکان و کاریگەری بڕیارە نوێیەکەی ئەمریکایە لەسەر ئاسایشی دەریاوانی ناوچەکە.