فازڵ ئیبراهیم: ئەگەری تەرزە بارین هەیە

بەڕێوەبەری کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پیشبینی دەکرێت ئەمڕۆ تەرزە ببارێت و بەیانی دۆخی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، ئاسمان هەور و باراناوی بێت، هەندێک کاتیش هەورە تریشقە و تەرزەی لەگەڵە، گوتیشی: لە کاتژمێر 3:00 تاوەکوو 6:00 ئەگەری تەرزە لە سەنتەری شارەکان زیاترە.

ئاماژەی بەوەشدا، تەرزە بارینەکە لە هی دوێنێ لاوازترە، هەروەها دۆخی کەشوهەوا تاوەکوو ئەمشەو ناسەقامگیر دەبێت، بەڵام بۆ سبەی کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و پلەکانی گەرماش یەک تا 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، شارەزایەکی کەشناسی تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: پێشبینی دەکرێت لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو رۆژی هەینی، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان جێگیر بێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی 5 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە، بەمەش کەشێکی نیمچە گەرم دروست دەبێت و ژینگەیەکی گونجاو بۆ دەشت و دەر دەڕەخسێت، چونکە لەو ماوەیەدا هیچ ئەگەرێکی بارانبارین لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی دوای ئەو شەپۆلە گەرمایە، ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی، "لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووەوە، شەپۆلێکی نوێی بارانبارین، بروسکە و تەرزە روو لە هەرێمی کوردستان دەکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا شەوی دووشەممە بەردەوام بێت، هەرچەندە تا ئێستا ئاماژە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە شەپۆلەکە بەهێز دەبێت.