کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی؛ هەزاران تۆن ماسی لە رووباری دیجلە مرداربوونەوە
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی پیسبوونی وێرانکەری ئاو و کارەساتێکی ژینگەییەوە، هەزاران تۆن ماسی لە ڕووباری دیجلە مرداربوونەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکارەکەی بۆ تێکەڵبوونی ئاوی پاشەڕۆی شارەکان و کەمبوونەوەی رێژەی ئۆکسجین دەگێڕنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە خۆجێییەکان لە پارێزگای واست، تەنها لەو پارێزگایەدا زیاتر لە 1000 تۆن ماسی لەناو قەفەسە عەمبارکراوەکان و کێڵگە ماسییەکاندا مرداربوونەوە، ئەمەش زیانێکی مادیی گەورەی بە ماسیگر و خاوەن کێڵگەکان گەیاندووە.
وەزارەتی ژینگەی عێراق بۆ تاوتوێکردنی تێکچوونی کوالێتی ئاوی دیجلە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، زیادکردنی بەردانەوەی ئاو لە دەریاچەی حەمرینەوە بووەتە هۆی ئەوەی بڕێکی زۆر لە پاشەڕۆ و پیسییە کەڵەکەبووەکانی ناوچە کشتوکاڵی و نیشتەجێبوونەکان، بەتایبەت لە رێگەی رووباری دیالەوە، بەرەو دیجلە بڕۆن.
وەزارەتی ژینگە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی رێژەی پیسبوونی ئاوەکە وایکردووە هەندێک لە وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە لە کار بکەون و زیانی راستەوخۆش بە ژینگەی ئاوی بگات."
لەو بارەیەوە، دکتۆرە نەجلا موحسین وائیلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەکنیکی لە وەزارەتی ژینگە رایگەیاند، "پڕبوونی بەنداوی حەمرین بەهۆی بارانبارینەکانی ئەم دواییەوە وایکرد بڕێکی زۆر لەو پاشەڕۆ و ماددە کیمیاییانەی لە مەجرای رووباری دیالەدا مابوونەوە، پاڵ بنرێن بۆ ناو رووباری دیجلە و شەپۆلێکی فراوانی پیسبوون دروست بکەن."
وائیلی ئاماژەی بەوەش کرد، کەمبوونەوەی ئاستی ئاو و لاوازیی توانای رووبارەکە بۆ روونکردنەوەی ئاوەکە، کاریگەرییە تەندروستی و ژینگەییەکانی قورستر کردووە، جەختیشی کردەوە کە تەنها پیسبوونی ئاوەکە هۆکار نییە، بەڵکو شیبوونەوەی ماددە ئەندامییەکان و گەشەکردنی قەوزە زیانبەخشەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین و خنکانی ماسییەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، چاودێرییە مەیدانییەکان چڕتر بکرێنەوە و نموونەی ئاوەکە بۆ تاقیگەکان بنێردرێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتە.