پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ چۆن یەکلایی دەبێتەوە؟
رکابەرییەکان لە پێناو بەدەستهێنانی ناسناوی پرێمەرلیگ بۆ وەرزی 2025-2026، هەفتە لە دوای هەفتە گەرمتر دەبێت. ئارسێناڵی پێشەنگ و مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی، گەڕی داهاتوو رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، ئەگەر ستیزن ئەم یارییە بباتەوە و پاشان هەردوو یانە ئەگەر سەرجەم یارییەکان تاوەکو کۆتایی وەرز ببەنەوە، ژمارەی خاڵەکانیان دەبێتە 82 خاڵ و ئەو کاتە ئەنجومەنی پرێمەرلیگ، بە گوێرەی ئەو پێوەرانەی داڕشتووە چارەنوسی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەکە یەکلایی دەکاتەوە.
ئەنجومەنی پرێمەرلیگ پێنج پێوەری دیاری کردووە، لە ئەگەر یەکسانبوونی خاڵەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندی خولەکە، لە کۆتاییدا بە گوێرەی ئەو پێوەرانە چارەنوسی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەکە یەکلایی دەکرێتەوە و پێوەرەکانیش بریتین لە:
پێوەری یەکەم:
جیاوازی گۆڵ
ئارسێناڵ ( +38 ) مانچێستەر سیتی ( +35 )
واتە لە کۆتایی وەرز ئەگەر خاڵەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندی یەکسانبوو، پێوەری یەکەم جیاوازی گۆڵە، ئێستا لەم کاتە ئارسێناڵ جیاوازی گۆڵەکانی باشترە و ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێت ئەو کاتە دەبنە خاوەنی ناسناوی پرێمەرلیگ.
پێوەری دووەم:
ژمارەی گۆڵەکان
ئارسێناڵ ( 62 ) مانچێستەر سیتی ( 63 )
لە ئەگەری یەکەم گریمانە هەردوو یانە لە جیاوازی گۆڵیش یەکسانبوون، ئەو کاتە پێوەری دووەم واتە ژمارەی ئەو گۆڵانەی تۆماریان کردووە دەبێتە پێوەر، مان سیتی لەم کاتە ژمارەی گۆڵەکانی زیاترە و ئەگەر تاوەکو کۆتایی وەرز بەم شێوەیە بێت، ئەو کاتە ئەوان دەبنە براوەی ناسناوەکە.
پێوەری سێیەم:
ئەنجامی رووبەڕووبونەوەکانیان
ئارسێناڵ 1-1 مانچێستەر سیتی
لە ئەگەری یەکسانبوونیان لە پێوەری یەکەم و دووەم، ئەو کاتە پێوەری سێیەم جێبەجێ دەکرێت کە ئەنجامی یارییەکانی بەرامبەر یەکتریە، لە قۆناغی یەکەم لە یاریگای ئیمارات هەردوو یانە یەکسانبوونە و ئەنجامی یاری قۆناغی دووەم رەنگە یەکلاکەرەوە بێت.
پێوەری چوارەم:
گۆڵەکانیان لە دەرەوەی یاریگا
ئارسێناڵ ( 26 ) مانچێستەر سیتی ( 27 )
ئەگەر هاتوو هەردوو یانە لە پێوەری سێیەمیش یەکسانبوون، ئەو کاتە پێوەری چوارەم جێبەجێ دەکرێت کە ژمارەی گۆڵەکانیانە لە دەرەوەی یاریگای خۆیان. ئارسێناڵ تاوەکو گەڕی 32 توانیویەتی 26 گۆڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆی و مان سیتیش 27 گۆڵی لە دەرەوەی یاریگای خۆی کردووە.
پێوەری پێنجەم:
یارییەکی پلەی ئۆف لە دەرەوەی یاریگا
لە هەمووی جیاوازتر ئەگەر هەردوو یانە لە هەموو شتێک یەکسانبن، ئەو کاتە یارییەکی چارەنوساز لە نیوان هەردوو یانە لە دەرەوەی یاریگاکەیان دەکرێت و کامە یانە بووە براوەی ئەو یارییە، دەبێتە پاڵەوانی وەرزی 2025-2026 خولی نایابی ئینگلیزی.