یەکەمین گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوەدەچێت
بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل: زۆر قورسە رێککەوتن بکرێت
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن، لوبنان و ئیسرائیل لەسەر ئاستی باڵیۆزەکانیان دەست بە گفتوگۆ بکەن، ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وڵاتە لەسەر ئەم ئاستە لە دوای چەندین دەیەی رابردوو، هەرچەندە پێشبینییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن زۆر کەم و لاوازن.
کۆبوونەوەکەی واشنتن بە سەرپەرشتی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی یەحیێل لیتەر باڵیۆزی ئیسرائیل و نەدا حەمادە موعەوەز باڵیۆزی لوبنان لە واشنتن، لەگەڵ میشێل عیسا باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم دانوستانانە یەکەمین گفتوگۆی کراوە و راستەوخۆ و ئاستبەرزی نێوان هەردوو وڵاتە لە دوای ساڵی 1993وە، ئامانجیش لێی دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەنە بۆ سنوورە باکوورییەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی سەروەریی تەواوە بۆ لوبنان.
لە لایەکی دیکەوە، شۆش بێدرۆسیان، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجیان لەم گفتوگۆیانە چەککردنی حزبوڵڵا و دەرکردنیەتی لە لوبنان، هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجی رەزامەندیی لەسەر گفتوگۆی راستەوخۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکی حزبوڵڵا و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی گەڕاندەوە.
لە بەرامبەردا، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان هیوای خواست لەم کۆبوونەوەیەدا لەسەر ئاگربەست رێکبکەون تاوەکو زەمینە بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ خۆش بێت، لەکاتێکدا هەردوو وڵات لە دوای ساڵی 1948وە لە دۆخی جەنگدان.
دیپلۆماسیی ئەمریکا لە کاتێکدا ئەم کۆبوونەوەیە رێکدەخات کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و شکستهێنانی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد لەگەڵ ئێران کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، کەوتووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە، ئیدارەی ترەمپ جەخت لە چەککردنی حزبوڵڵا دەکاتەوە و نیگەرانە لەوەی سوپای لوبنان نەیتوانیوە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، چاودێران پێیان وایە ئاستی چاوەڕوانییەکان زۆر نزمە. بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆر قورسە رێککەوتن بکرێت و پێشبینی دەکات ئیسرائیل ناوچەیەکی دابڕاو لە باشووری لوبنان دروست بکات، هاوشێوەی ئەوەی لە غەززە هەیە.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، دوێنێ دووشەممە داوای هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانی کرد و بە بێسوود وەسفی کردن.
جەنگی ئەم دواییەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 2ـی ئادارەوە دەستی پێ کرد، دوای ئەوەی حزبوڵڵا بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر تاران لە 28ی شوباتدا. لەو کاتەوە ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان و دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر باشووری لوبنان وەڵامی داوەتەوە، کە تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 2000 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس.