ئیڤا ئەو کچەی لەناو ئۆتۆمبێلی سەربازی لە کارەساتی ئەنفالدا لە دایک بوو
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، شادیە ئیسماعیل، ناسراو بە "ئیڤا"، یەکێکە لەو رزگاربووانەی شاڵاوی ئەنفال کە چیرۆکێکی دەگمەن و پڕ ئازاری هەیە. ئەو کە خۆی بە "سیمبولی ئەنفال" دەناسێنێت، چیرۆکی سەختی لەدایکبوونی خۆی لە کاتی راگواستنی خێزانەکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەگێڕێتەوە، کە ناوی (ئیڤا)ـیش هەر لەو کارەساتەوە سەرچاوەی گرتووە.
لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، شادیە ئیسماعیل باس لە سەرەتای دەستپێکردنی شاڵاوەکانی ئەنفال دەکات بۆ سەر گوندەکەیان و دەڵێت: "کاتێک شاڵاوی ئەنفال گەیشتە گوندەکەمان (گوندی ئالیاوا لە سنووری ناحیەی قادر کەرەم)، دانیشتووانی گوندەکە راگوێزران. سەرەتا خەڵکەکەیان بەرەو سەربازگەی لەیلان گواستەوە، لەو کاتەدا دایکم بە من دووگیان بوو."
دوای مانەوەیان بۆ ماوەی تەنیا یەک رۆژ لە سەربازگەی لەیلان، پرۆسەی جیاکردنەوەی خەڵکەکە دەست پێدەکات. ئیڤا لەم بارەیەوە دەڵێت: "خەڵکەکەیان جیاکردەوە؛ گەنج، پیر و لاویان خستە ناو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان کە لە جۆری (ئیڤا) بوون. بەشێکیان بەرەو خوارووی عێراق بران، تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە، بەشەکەی دیکەشیان بەرەو سەربازگەی تۆپزاوا گواستەوە."
چیرۆکی لەدایکبوونی شادیە لە ناوەڕاستی ئەم مەرگەساتەدا دەست پێدەکات. ئەو لە کاتی گواستنەوەیان بەرەو سەربازگەی تۆپزاوا و لەناو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەدا (ئیڤا) لەدایک دەبێت. سەبارەت بەو ساتە کارەساتبارە دەگێڕێتەوە: "لە رێگادا بەرەو تۆپزاوا، لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لەدایک بووم. بەهۆی نەبوونی هیچ جۆرە پێداویستییەک و ئامێرێکی پزیشکی، بە دوردەستترین شێوە و بە بەکارهێنانی (دوو بەرد) ناوکیان بڕیم."
هەر بەهۆی ئەوەی لەناو ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە سەربازییەدا لەدایک بووە، دواتر نازناوی "ئیڤا"ی پێدراوە. ئێستا شادیە ئیسماعیل پێی وایە ئەو هەڵگری ناوێکە کە گوزارشت لە ئازارێکی گەورە دەکات و خۆی وەک یادگارییەکی زیندوو و "سومبولی ئەنفال" دەبینێت کە تا مابێت شایەتحاڵی ئەو تاوانە گەورەیەیە کە دەرهەق بە گەلی کورد کراوە.