هێرشی چەکداری کرایە سەر قوتابخانەیەکی باکووری کوردستان
لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر قوتابخانەیەکی باکووری کوردستان، مامۆستایەک گیانی لەدەست دا و زیاتر لە 15 کەسیش بریندار بوون، هێرشکارەکەش پاش رووداوەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
پەیامنێری کوردستان 24 لە باکووری کوردستان رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، چەکدارێک هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی "ئەحمەد کۆینجو" لە گەڕەکی حەسەن چەلەبی لە شارۆچکەی سیوەرەکی رووهای باکووری کوردستان.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەنجامی تەقەکە، زیاتر لە 15 کەس بریندار بوون و مامۆستایەکی قوتابخانەکەش بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، هێرشکارەکە گەنجێکی تەمەن 17 بۆ 18 ساڵان بووە و بە چەکێکی لوولەدرێژ چووەتە نێو قوتابخانەکە؛ پاشان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی بە نێو حەوشە و رێڕەوەکانی قوتابخانەکەدا کردووە و پاش هێرشەکەش خۆی کوشتووە؛ بەمەش ژمارەی قوربانییەکان بۆ دوو گیانلەدەستدان بەرز بووەتەوە.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس و هێزەکانی چالاکییە تایبەتەکان گەیشتنە شوێنی مەبەست و ناوچەکەیان گەمارۆ دا.
هەسەن شڵداک، پارێزگاری رووها لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشبەرەکە ناوی "عومەر کەت"ـە و لەدایکبووی ساڵی 2007ـە.
پارێزگاری رووها باسی لەوەش کرد، عومەر قوتابییەکی پێشووی هەمان قوتابخانە بووە، تەنیا قۆناغی نۆی لەوێ خوێندووە و دواتر چووەتە خوێندنی کراوە.