دهۆک.. بەهۆی رووداوێکی کارەباوە سێ کەس بوونە قوربانی
لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک، بەهۆی بەرکەوتنی کەوەنتەرێکی ئەلەمنیۆم بە تەزووی کارەبا، کرێکارێک و خاوەن ماڵێک گیانیان لەدەستدا و کەسێکی تریش بە سەختی بریندار بوو.
سێشەممە 14ی نیسانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی بێوار حەلمی، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک، رووداوەکە کاتێک روویداوە کە ژمارەیەک کرێکار لە قەزای سێمێلەوە چوونەتە گەڕەکی ماڵتا بە مەبەستی دانانی کەوەنتەری ئەلەمنیۆم بۆ ماڵێک.
لە کاتی کارکردن و جێگیرکردنی کەوەنتەرەکەدا، پارچەیەکی ئەلەمنیۆم بەر وایەرێکی کارەبا کەوتووە و تەزوویەکی بەهێز گەیشتووەتە سێ کەس کە لەو شوێنەدا بوون. بەهۆی بەهێزیی تەزووەکەوە، کرێکارێک و خاوەن ماڵەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە. کەسی سێیەم کە لە رووداوەکەدا بریندار بووە، ئێستا رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لەژێر چاودێرییەکی توندی پزیشکیدایە.
ئەم رووداوە ئاماری قوربانیانی کارەبای لە پارێزگای دهۆک بۆ ئەمساڵ بەرز کردەوە. بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا، سێ کەس بەهۆی رووداوەکانی کارەباوە لە سنووری ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی تریش بریندار بوون.