ئێران لە ماوەی جەنگدا داهاتی زیاتر بووە بەراورد بە پێش جەنگ
ئێران لە ماوەی جەنگدا داهاتی هەناردەی نەوتی بەراورد بە پێش هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، زیاتر بووە، بەڵام ئێستا پێشبینی دەکرێت سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز، نەک هەر نەوت و گاز، بەڵکو داهاتی هەناردە و هاوردەکردنی هەموو کەلوپەلێک لە ئێران وشک بکات.
- گەمارۆی دەریایی زیان بە داهاتی ئێران دەگەیێنێت؟
ئێران لە مانگی رابردوودا، کە لە گەرمەی جەنگ و ژێر هێرشە چڕە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بوو، لەگەڵ ئەوەی گەرووی هورمزی لەبەردەم جووڵە و بازرگانی دەریاییدا داخست بوو، کەچی توانیویەتی نزیکەی پێنج ملیار دۆلار داهات لە هەناردەکردنی نەوت بە دەست بهێنێت؛ بەڵام ئێستا سەپاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ لەسەر بەردەوامی ئەو داهاتە.
گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چووەتە بواری جێبەجێکردن؛ ئەمەش لەکاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات لە رێگەی فشاری ئابوورییەوە تاران ناچار بکات مەرجەکانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبووڵ بکات.
جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە دژی ئێران زیاتر لە 24 کاتژمێرە دەستیپێکردووە، ئێران سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێران بە هەنگاوێکی نایاسایی و هاوشێوەی چەتەی دەریایی ناو دەبات.
بە گوتەی شیکەرەوانی ئابووری و بازرگانی، کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا راهاتووە، بەڵام گەمارۆی دەریایی دەکرێت زیانێکی کوشندە بە ئابووریی ئەو وڵاتە بگەێینێت.
- گەمارۆکە چۆن زیان بە داهاتی نەوتی ئێران دەگەیێنێت؟
ئێران بە پلەی یەکەم لە رێگەی بەندەرەکانییەوە نەوت و گاز هەناردە دەکات. دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتەوە، بەرپرسانی تاران داخستنی گەرووی هورمزیان راگەیاند؛ کە تاکە رێڕەوی ئاوییە بۆ ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداو، بە گوێرەی راپۆرت و ئامارە بازرگانییەکان، تاوەکوو بەر لە دەسپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نزیکەی 20%ی پێداویستیی نەوت و گازی جیهانی ، لە وڵاتانی کەنداو دابین دەکرا و کەشتییەکان لە گەرووی هورمزەوە بەرەو بازاڕەکان تێدەپەڕین.
داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە، نرخی نەوت و گازی لە جیهاندا بەرزکردووەتەوە و بووەتە سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێی جیهانی. لەوەتە جەنگ دەستپێکردووە و ئاگربەست کراوە، ئێران تەنیا رێگەی بە کەشتی ئەو وڵاتانە داوە کە رێککەوتنی تایبەتیان لەگەڵ تاران هەیە، هاوکات لە تەواوی ئەو ماوەیەی جەنگدا، ئێران لە هەناردەکردنی نەوت و گاز لە رێگەی هورمزەوە بەردەوام بووە.
- داهاتی هەناردەی نەوت و گازی ئێران لە جەنگ چەند زیادی کردووە؟
بەپێی کۆمپانیای (Kpler) بۆ زانیاریی بازرگانی، ئێران لە مانگی ئاداردا رۆژانە 1.84 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە و لەم مانگەشدا (نیسان) تاوەکوو ئێستا رۆژانە 1.71 ملیۆن بەرمیلی هەناردە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە تێکڕای هەناردەی رۆژانەی لە ساڵی 2025دا 1.68 ملیۆن بەرمیل بووە. بە واتایەکی دیکە، هەناردەی ئێران لە مانگی ئادار بە رێژەی 0.16 و لە نیساندا 0.03 زیادی کردووە.
لە 15ی ئادار تاوەکوو ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026، ئێران 55.22 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە. نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی ئێران لە جۆرەکانی سووک، قورس و تێکەڵەی فۆرۆزان، لە مانگی رابردوودا، لە 90 دۆلار کەمتر نەبووەتەوە و لە زۆربەی رۆژەکاندا نرخەکەی 100 دۆلاری تێپەڕاندووە.
بە گوێرەی شیکاری ئابووریانە، ئەگەر هەر بەرمیلێک نەوت ئێران لەو ماوەیەدا بە کەمترین نرخ (90 دۆلار) فرۆشرابێت و هەژمار بکرێت، ئێران لە مانگی رابردوودا 4.97 ملیار دۆلار داهاتی لە هەناردەی نەوت بە دەستکەوتووە؛ پێش دەستپێکردنی جەنگ، داهاتی رۆژانەی نەوتی ئێران نزیکەی 115 ملیۆن دۆلار بووە، کە دەکاتە 3.45 ملیار دۆلار لە مانگێکدا، ئەمە دەریدەخات کە ئێران لە مانگی رابردوودا بەراورد بە پێش جەنگ زیاتر لە 40% داهاتی زیادی کردووە.
بەڵام ئێستا بە جێبەجێکردنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، ئەگەر هەیە توانای تاران بۆ هەناردەکردنی نەوت راستەوخۆ و بە رێژەیەکی کاریگەر زیانی بەر بکەوێت.
- گەمارۆی دەریایی زیان بە چین دەگەیەنێت؟
محەممەد ئەلمەسری، پرۆفیسۆر لە پەیمانگەی دەوحە بە جەزیرەی گوتووە "ئێران ناتوانێت نەوت هەناردە بکات، یان لانیکەم بەو ئاست و قەبارەی پێشوو ناتوانێت هەناردە بکات"، ئاماژەی بەوەش کردووە، تاران چیتر ناتوانێت ئەو باجانە لە بەرانبەر تێپەڕبوونی کەشتییە بیانییەکان وەربگرێت.
بە گوێرە ئاژانسی (Windward) تایبەت بە زانیاریی دەریایی، تاوەکوو دوێنێ دووشەممە، بڕی 157.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بار کرابوون، کە 97.6%ی بەرەو چین بەرێکراوە.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، گەمارۆکەی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەش دەبێت کە بەرەو چین دەچن.
- ئایا گەمارۆکان بازرگانیی کەلوپەلەکانی دیکە دەگرێتەوە؟
جگە لە نەوت، گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، کاریگەری لەسەر بازرگانیی کەلوپەلەکانی دیکەش دەبێت؛ گرنگترین هەناردە نانەوتییەکانی ئێران بریتین لە بەرهەمە پێترۆکیمیایییەکان، پلاستیک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، کە زۆربەیان هەناردەی چین و هیندستان دەکرێن، لە بەرامبەردا، گرنگترین ئەو کەلوپەلانەی هەناردەی ئێران دەکرێن، بریتین لە ئامێرەکانی پیشەسازی، ئەلیکترۆنی و خۆراک، کە لە چین، ئیمارات و تورکیاوە دابین دەکرێن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی تاران تایمز، کۆی داهاتی بازرگانی نانەوتیی ئێران لە 21ی ئاداری 2025 تا 20ی کانوونی دووەمی 2026، گەیشتووەتە 94 ملیار دۆلاری ئەمریکی، کە تێیدا بڕی هاوردەکردن زیاتر بووە لە هەناردەکردن.