موحسین رەزایی: ترەمپ سێیەم جارە خیانەت دەکات
موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە خیانەتکردن لە دیپلۆماسی تۆمەتبار دەکات و رایدەگەیەنێت، واشنتن بەردەوامە لە گەمارۆدانی دەریایی ئێران و پێشکەشکردنی داواکاری ناڕەوا لە دانوستانەکاندا.
ئەمڕۆ شەممە، موحسین رەزایی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسیویەتی، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی هێشتنەوەی گەمارۆی دەریایی و قورسکردنی داواکارییەکانی لە دانوستانەکاندا، بۆ سێیەم جار خیانەت لە دیپلۆماسی دەکات، گوتیشی، ئەو لە هەموو کاتێک زیاتر ئەوەی سەلماند کە ئەو بە هیچ شێوەیەک پیاوی دانوستان نییە و تەنیا هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجی دیکە دەدات.
بەگوێرەی ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی، گەمارۆ دەریاییەکان هێشتا بەردەوامن و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش هۆشداریی داوەتە دەریاوانانی ئێرانی کە ئەگەر هێڵی گەمارۆکە ببەزێنن، رووبەڕووی هێرش دەبنەوە.
لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی دوێنێ هەینی، 29ـی ئایاری 2026، جەختی کردەوە کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران، ئاماژە بەوەش کراوە، دۆناڵد ترەمپ هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ تاران واژۆ ناکات مەگەر هەموو مەرجەکانی واشنتن جێبەجێ بکرێن. ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە سێ مانگە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوەندی ململانێیەکی تونددایە کە کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر ئابووری جیهان.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە کە ترەمپ لە بڕیاردان نزیک بووەتەوە سەبارەت بەو رێککەوتنەی کە بە ناوبژیوانی پاکستان لە ئارادایە، بەڵام دوای کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێر لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی لەگەڵ یاریدەدەرانی، هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
لە نوێترین پەیامیدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێت و ئەو کەشتیانەی بەهۆی گەمارۆکەوە گیریان خواردووە دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام ترەمپ مەرجی قورسی بۆ ئەم هەنگاوە داناوە و رایگەیاندووە "دەبێت ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێک بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا بکاتەوە و هەموو ئەو مینە دەریاییانەی کە ماونەتەوە پاکیان بکاتەوە."