17 وڵات داوا لە لوبنان و ئیسرائیل دەکەن دەرفەتی ئاشتی لە واشنتن بقۆزنەوە
وەزیرانی دەرەوەی 17 وڵاتی جیهان، لە نێویاندا بەریتانیا و فەرەنسا، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە لوبنان و ئیسرائیل کرد کە ئەو دەرفەتە مێژووییەی بەهۆی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە رەخساوە بقۆزنەوە و لە رێگەی دانوستانە راستەوخۆکانی واشنتنەوە کۆتایی بە جەنگ بهێنن.
سێشەممە 14ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راگەیەندراوێکی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی 17 وڵاتی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: "دانوستانە راستەوخۆکان دەتوانن رێگە خۆش بکەن بۆ چەسپاندنی ئاسایشێکی بەردەوام بۆ لوبنان و ئیسرائیل و تەواوی ناوچەکە." وڵاتە واژۆکارەکان داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد بەپەلە گرژییەکان کەم بکەنەوە و سوود لەو کەشە وەربگرن کە ئاگربەستەکەی ئەمریکا و ئێران دروستی کردووە.
ئەم راگەیەندراوە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یەکەمین دانوستانی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ دێت لە دوای چەندین دەیەی ململانێ، کە بڕیارە بە چاودێری مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەبچێت.
راگەیەندراوەکە لە لایەن وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئوسترالیا و وڵاتانی ئەوروپای وەک فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا و ئیسپانیا واژۆ کراوە، بەڵام هەریەکە لە ئەڵمانیا، نەمسا، هەنگاریا و ئیتاڵیا واژۆیان لەسەر نەکردووە.
لوبنان لە 2ی ئاداری ئەمساڵەوە پەلکێشی ناو جەنگی فراوانی ناوچەکە کرا دوای ئەوەی حزبوڵڵا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. لەو کاتەوە بەهۆی بۆردوومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە، بەتایبەت هێرشە کوشندەکەی 8ی نیسان بۆ سەر بەیرووت زیاتر لە 2000 کەس کوژراون و پتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی ئاوارە بوون.
وڵاتە کان بە توندترین شێوە هەم هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل و هەم هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنانیان سەرکۆنە کرد. هاوکات پێشوازییان لە دەسپێشخەرییەکەی جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان کرد بۆ دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ و ئامادەیی خۆیان بۆ پشتگیریکردنی ئەو پرۆسەیە دەربڕی.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار دوای چەندین دەیەی ململانێ، باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن کۆدەبنەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رەزامەندی لەسەر دانوستانی راستەوخۆ دەربڕی و رایگەیاند ئامانجیان داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و بنیاتنانی پەیوەندییەکی ئاشتییانەیە.
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بگەینە ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان. هیچ ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوانماندا نییە، کێشەی سەرەکی حزبوڵڵایە."
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا هێرشی توندی کردە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی و داوای "هەڵوێستێکی مێژوویی و پاڵەوانانە"ی کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە سبەینێ سێشەممە لە نێوان باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوەبچێت.
قاسم ئەو دانوستانانەی بە "بێمانا" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە هیچ کۆدەنگییەکی ناوخۆیی لەسەر نییە؛ لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی لوبنان ئامانجی یەکەمیان لەم دانوستانانەدا بەدەستهێنانی ئاگربەستە، ئیسرائیل ئەو پێشنیازە رەت دەکاتەوە.