چەند تەقینەوەیەک لە تاران روویان دا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، ئاژانسی "فارس"ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە رۆژئاوای تارانی پایتەخت بیستراوە، هاوکات زانیارییە سەرەتاییەکانیش باس لە بەئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنینی ئەمنی دەکەن.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک خاڵێکی پشکنینی ئەمنی سەر بە هێزەکانی "بەسیج" لە نزیک گەڕەکی "جەیهون" لە رۆژئاوای تاران تەقیوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەکە، تەقینەوەیەکی دیکە پێش تەقینەوەی خاڵی پشکنینەکە، بازگەی "ئیمام خومەینی"یان کردووەتە ئامانج کە دەکەوێتە نێوان هەردوو ناوچەی "جەیهون و یادەشت".
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی "فارس" رایگەیاند؛ تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی دەستکردەوە بووە لە ناوچەی 10ـی تاران و تەنیا زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە، بێ ئەوەی هیچ کەسێک بریندار ببێت.
لە بەرامبەردا، سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە سێ کەس بریندار بوون، جامی پەنجەرەی 3 خانوو شکاون و زیانیش بەر دوو ئۆتۆمبێل کەوتووە.