سوپای پاسداران: ئاسایشی بەندەرەکان یان بۆ هەمووانە یان هیچ وڵاتێک

گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا دەڵێت "سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر جووڵەی دەریایی لە کەنداو و ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، نایاساییە و نموونەی چەتەگەریی دەریاییە، ئەگەر بەندەرەکانی ئێران هەڕەشەیان لەسەر بێت، ئەوا هیچ بەندەرێک لە ناوچەکەدا پارێزراو نابێت".

دوای زیاتر لە 48 کاتژمێر لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لە کەندا و کەنداوی عومان؛ ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە پەیامێکدا هەڕەشەی لە سوپای ئەمریکا کرد و رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە راشکاوی و بڕیارێکی توندەوە رایدەگەیەنن، ئاسایشی بەندەرەکان لە کەنداو و کەنداوی عومان یان بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ هیچ وڵاتێک.

دەشڵێت "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرگری لە مافە یاساییەکانی وڵات بە ئەرکێکی یاسایی و رەوا دەزانن، لەسەر ئەم بنەمایەش پاراستنی سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەماندا، مافێکی سروشتیی گەلی ئێرانە."

زولفەقاری گوتیشی " زامنکردنی ئاسایش لە ئاوە هەرێمییەکاندا لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە توند و تۆکمەییەوە بەردەوام دەبێت، وەک چەندینجار راگەیەندراوە، ئەو کەشتیانەی سەر بە دوژمنن مافی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز نییە و ناشیان بێت، کەشتییەکانی دیکەش بە گوێرەی پابەندبوونیان بە بڕیاری هێزە چەکدارەکانی ئێران، وەک پێشتر رێگەی تێپەڕبوونیان پێ دەدرێت."

هەروەها جەختیکردووەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز جێبەجێ دەکات، زولفەقاری  هەڕەشەی ئەوە دەکات "ئەگەر ئاسایشی بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و کەنداوی عوماندا هەڕەشەیان لەسەر بێت، ئەوا هیچ بەندەرێک لەم دوو کەنداوەدا پارێزراو نابن."