پاکستان پەیامێکی نوێی واشنتن دەگەیەنێتە تاران

فەرماندەی سوپای پاکستان وەک هەڵگری پەیامێکی نوێی واشنتن گەیشتە تاران، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری و ڕێگری لە شکستی دانوستانەکانی ئاشتی. سەردانەکەی عاسم مونیر لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ئەمریکییەکان باس لە "پێشکەوتنی بەرچاو" لە نێوان دانوستانکارانی هەردوولا دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی دەکەن.

تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، تاران پێشوازی لە شاندێکی باڵای پاکستان دەکات بە سەرۆکایەتی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە ئێران پشتڕاستی کردەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی پاکستانەوە بەردەوامە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشوازی لە شاندەکە کرد. ئاماژە بەوەش کراوە کە شاندە پاکستانییەکە هەڵگری پەیامێکی نوێی واشنتنە بۆ بەرپرسانی تاران، ئەمەش دوای ئەوەی دانوستانەکانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کۆتاییان هاتبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەڕی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، دوای هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دیدارەکانی ئەمڕۆی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دەدرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەقامگیربوونی ئاگربەست لە لوبنان وەک نیشانەیەکی پۆزەتیڤ دەبینرێت بۆ بڕیاری ئێران سەبارەت بە بەردەوامیی دانوستانەکان.

تاران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت واشنتن پابەندی چوارچێوەیەکی لۆژیکی بێت و دوور بکەوێتەوە لە "زیادەڕۆیی لە داواکارییەکان" یان پێشێلکردنی ئەو بەڵێنانەی کە پێش ئاگربەستەکە درابوون.

لە کاتێکدا میدیا ئەمریکییەکان باس لە خواستی واشنتن بۆ دەستپێکردنەوەی خێراو دەستبەجێی گفتوگۆکان دەکەن، شاندی ئێرانی جەخت لەسەر ڕەچاوکردنی چەند پرەنسیپێکی بنەڕەتی دەکاتەوە کە بەبێ ئەوان هیچ دانوستانێکی لۆژیکی ئەنجام نادرێت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ ، بەرپرسانی ئەمریکا بۆ ئەکسیۆس ئاشکرایان کرد، دانوستانکارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆکانی ڕۆژی سێشەممەدا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە. ئەم پێشکەوتنە هەردوولا لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان نزیک دەکاتەوە.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییە نوێیە نیشانەی ئەوەیە کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە هێشتا لە هەوڵی دۆزینەوەی دەرچەیەکدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی چوارچێوەیی پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە.