ئەکسیۆس: واشنتن ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژ ناکاتەوە
سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای واشنتن ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ئارادایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ پەیامنێری کەناڵی "ABC News" رایگەیاند، بیر لە درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەست لەگەڵ تاران ناکاتەوە. ترەمپ گوتی: "رەنگە دۆخەکە بە هەر ئاراستەیەکدا کۆتایی بێت، بەڵام پێموایە گەیشتن بە رێککەوتن باشترین بژاردەیە بۆ ئێرانییەکان، چونکە ئەوە دەرفەتیان پێ دەدات جارێکی تر وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە."
هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، کە واشنتن بە فەرمی رەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی نەداوە، سەرەڕای ئەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی هێشتا کراوەن.
ئەم بەرپرسە گوتی: "تاوەکوو ئەم ساتە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە فەرمی رەزامەند نەبووە لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەڵام گفتوگۆ و پەیوەندییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دوای شکستی خولی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە پاکستان، تووشی چەقبەستوویی بوون. سەرەڕای ئەوەی باس لە ئەگەری بەڕێوەچوونی خولێکی دیکەی دانوستانەکان دەکرێت، بەڵام نەبوونی بڕیار بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، ناوچەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە، بەتایبەت کە تەنیا چەند رۆژێکی کەم بۆ کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراوی ئاگربەستەکە ماوە.
شارەزایان پێیان وایە، ئەم هەڵوێستە توندەی ترەمپ جۆرێکە لە "فشاری کۆتایی" بۆ سەر تاران، تاوەکو ناچاریان بکات پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، مەرجەکانی واشنتن بۆ رێککەوتن قبووڵ بکەن.