کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دواخرا

مالیکی مەرجی قورس بۆ کشانەوە لە کاندیدبوونی سەرۆکوەزیران دادەنێت

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم بەهۆی ئامادەنەبوونی بەشێک لە سەرکردەکان و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان بۆ ڕۆژی شەممە دواخرا، ئەمەش دوای ئەوەی نووری مالیکی مەرجی نوێی بۆ کشانەوە لە کاندیدبوونی خستە روو.

چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی، بڕیاربوو ئەمشەو کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم بەڕێوە بچێت، بەڵام بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، بڕیاری دواخستنی درا و بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو پاشەکشەی پێکرا.

بە پێی زانیارییەکان، هۆکاری سەرەکیی دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ ئامادەنەبوونی بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەکە و هەبوونی ناکۆکییەکی قووڵ لەسەر پرسی کاندیدی سەرۆکوەزیران دەگەڕێتەوە.

پەیامنێری کوردستان24، ئەوەی خستە روو، کە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوە کردووە و رایگەیاندووە، کە لاری نییە لە کشانەوەی لە کاندیدبوون، بەڵام ئەم هەڵوێستەی بە دوو مەرجی سەرەکی بەستووەتەوە.

مەرجی یەکەمی مالیکی ئەوەیە؛ کە دەبێت کەسێکی نزیک لە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت، کە ئەویش (باسم بەدری)یە. مەرجی دووەمیشی؛ بریتتییە لە رێگریکردن لە کاندیدکردنەوەی محەمەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادی بۆ هەمان پۆست.

کوردستان24 زانیویەتی، کە ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی لە ناوخۆیدا رووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵ بووەتەوە، بە تایبەتی لە نێوان بەرەی نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی، ئەم ئاڵۆزییانە وای کردووە کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا لەسەر دیاریکردنی کەسی یەکەمی حکوومەت، بە "کارێکی ئەستەم" لە قەڵەم بدرێت و چاوەکان چاوەڕێی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە دەکەن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئەم چەقبەستووییە سیاسییە.