وەزارەتی خەزێنەی بەریتانیا: جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کارێکی هەڵە بوو
وەزیری خەزێنەی بەریتانیا، رایگەیاند: کە هەڵگیرساندنی جەنگ لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران کارێکی هەڵە بووە، چونکە هێشتا رێگە دیپلۆماسییەکان دانەخرابوون.
چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، ریچێل ریڤز، وەزیری خەزێنەی بەریتانیا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "CNBC" جەختی کردەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران هەڵە بووە، چونکە بژاردە دیپلۆماسییەکان هێشتا کاریان پێدەکرا.
ریڤز، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم جەنگە بێ پلانێکی روون بۆ کۆتاییهێنان پێی دەستی پێکردووە. دەشڵێت: "بڕوا ناکەم ئەمڕۆ پارێزراوتر بین لەوەی پێش چەند هەفتەیەک هەبووین".
ئەم لێدوانانەی ریڤز لە کاتێکدایە کە ترەمپ بەهۆی ەێگریی وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ناتۆیی بە "پڵنگی سەر کاغەز" وەسف کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، لەندەن هەوڵ دەدات کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز رێکبخات، لە کاتێکدا وڵاتانی ناوچەکەش لە ئەنتاڵیا کۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کردنەوەی گەرووەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.
هەروەها بەرەبەیانی چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.