دیموکراتەکان: هێگسێت بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا، جەنگی دژی ئێرانی هەڵگیرساندووە
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، کە دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پڕۆژەبڕیاری دوورخستنەوەی وەزیری جەنگیی وڵاتەکە لە پۆستەکەی پێشکەش دەکەن.
چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بڕیاریان داوە پڕۆژەبڕیاری دوورخستنەوەی پیت هیگسێت، وەزیری جەنگیی وڵاتەکە پێشکەش بکەن.
بە پێی راپۆرتەکە، دیموکراتەکان 6 تۆمەتیان ئاراستەی هیگسێت کردووە، سەرەکیترینیان؛ هەڵگیرساندنی جەنگێکی نایاسایی لە ئێران، مەترسی خستنە سەر ژیانی سەربازانی ئەمریکا، پێشێلکردنی یاساکانی پاراستنی مەدەنی و، بەکارهێنانی سوپا بۆ مەرامی سیاسی.
لە بەرامبەردا، کینگسلی ویڵسن، گوتەبێژی پێنتاگۆن، رایگەیاند: کە ئەمە هەوڵێکە بۆ سەرقاڵکردنی گەلی ئەمریکا و شاردنەوەی سەرکەوتنەکانی ئیدارەی ئێستا.
هەرچەندە دیموکراتەکان پێداگری لەسەر دوورخستنەوەی وەزیری جەنگ دەکەن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە لە کۆنگرێس شکست بهێنێت، چونکە کۆمارییەکان زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانن.
پێشتر چەندین جار دیموکراتەکان هەوڵیان داوە دەسەڵاتە سەربازییەکانی ترەمپ سنووردار بکەن، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوونە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.