ترەمپ: هەوڵ دەدەین کەشێکی گونجاو لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان بڕەخسێنین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە گفتوگۆ لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان ئەنجام بدرێت، ئەمەش دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ماوەی 34 ساڵ.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاشکرای کرد، هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و رایگەیاند: "هەوڵ دەدەین کەشێکی گونجاو لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان بڕەخسێنین."
ترەمپ ئاماژەی بە مێژووییبوونی ئەم هەنگاوە کرد و گوتی: "ماوەیەکی زۆرە سەرکردەکانی هەردوو وڵات قسەیان نەکردووە، کە نزیکەی 34 ساڵ دەبێت، بەڵام ئەم گفتوگۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە روودەدات."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە چەندین سەرچاوەی هەواڵیی ئاماژە بەوە دەکەن، رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان زۆر نزیک بووەتەوە، ئەمەش دوای چەندین هەفتە لە شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە "سکای نیوز عەرەبی" راگەیاندووە؛ لە ترەمپ پێشوازی لە کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارییەکان لە لوبنان دەکات وەک بەشێک لە رێککەوتنێکی ئاشتی ئەگەری لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەو بەرپرسە جەختیشی کردەوە، ترەمپ داوای ئاگربەستی لە ئیسرائیل نەکردووە و ئەم بابەتەش وەک بەشێک لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هەژمار ناکات، بەڵام بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا.