ئەمڕۆ 39 ساڵ بەسەر کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسانان تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ 16ـی نیسان، 39 ساڵ بەسەر یەکەمین هێرشی کیمیایی رژێمی پێشووی بەعس بۆ سەر خاکی کوردستان تێدەپەڕێت، لەم رۆژەدا دۆڵی خۆشناوەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەتایبەتی ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان کرانە ئامانج و بەهۆیەوە زیاتر لە 1000 هاووڵاتی شەهید، بریندار و ئەنفال کران.
ئێوارەی 16ـی نیسانی ساڵی 1987، رژێمی عێراق ھێرشێکی کیمیایی دڕندانەی کردە سەر دۆڵی بالیسان و گوندەکانی خۆشناوەتی، کە وەک یەکەمین بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن بەعسەوە دژی گەلی کوردستان هەژمار دەکرێت. هێرشەکە بووە هۆی شەھید و برینداربوونی دەیان ژن، پیاو و منداڵی بێتاوان.
نەهامەتییەکانی ئەو ناوچەیە تەنیا بە بۆردومانەکە کۆتایی نەهات، بەڵکوو دوای هێرشەکە، دەیان هاووڵاتیی بریندار کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیاندرابوونە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر، لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە رفێندران و بێسەروشوێن (ئەنفال) کران، کە تا وەکوو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
له ئهنجامی ئهو بۆردومانه زیاتر له 280 هاووڵاتیی شههیدبوون و زیاتر له 300 كهسی دیكهش برینداربوون و تا ئێستاش بهشێكی هاووڵاتییانی ئهو ناوچهیه به دهست ئاسهوارهكانی چهكی كیمیاییهوه دهناڵێنن و ههر بههۆی ئهو كیمیابارانه ژینگهی ناوچهكه زیانی زۆری بهركهوت.
کیمیابارانەکەی دۆڵی خۆشناوەتی زیانی بە چەندین گوند گەیاند، کە دیارترینیان پێکهاتبوون لە:
- بالیسان
- شێخ وەسان
- کانی بەرد
- بێراوە
- شیرە
- خەتێ
- مەلەکان
- دەڕاش