سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لە مووسڵ هەڵدەدرێنەوە
پارێزگاری نەینەوا ئاماژە بەوە دەکات، سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەرێتەوە، کە یەکێک لە گۆڕە کۆمەڵەکان پێشمەرگەشی تێدایە و بۆ زیاتر لە 10 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەرێتەوە، لێرە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە و کوردانی ئیزدی و خەڵکی مووسڵ تێکەڵ بووە، هەروەها رووفاتی ئافرەت و منداڵ و کوردانی ئێزدی و پێشمەرگە دۆزراوەتەوە.
پارێزگاری نەینەوا گوتیشی: بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەڵێنی داوە پشکنینی دی بۆ کەسوکاری ئەو قوربانیانە بکرێت و دەبێت ئەم قوربانیدانە بەرز رابگیرێت و هەروەها پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەستپێ دەکرێت، ئەم گۆڕە بە کۆمەڵانە نیشانەی تاوانەکانی داعشە بەرانبەر خەڵکی بێتاوان.
ئاماژەی بەوە دا، تیرۆر هەموو خەڵکی نەینەوای بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئاین گرتووەتەوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکدراوە بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، هەروەها بۆ ناسینەوەی رووفاتی قوربانییەکان و دیارنییە ژمارەی قوربانییانی ئەم سێ گۆڕە بە کۆمەڵە چەندە، زیاتر لە 10 ساڵە کەسوکاری قوربانییەکان بەدوایاندا دەگەڕێن، بەڵام ئافرەت و منداڵی خەڵکی موسڵی تێدایە.
لە وەڵامی پرسیاری ئارام بەختیار پەیامنێری کوردستان24، پارێزگاری نەینەوا جەختی لەوە کردەوە، یەکێک لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان ژمارەیەک پێشمەرگەی تێدایە.