رێژەی یاسایی تەواو بێت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت
بڕیار بوو ئەمڕۆ کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی پێویستی ئەندامان بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی.
بەپێی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە پێویستە لانی کەم 9 ئەندام ئامادە بن، بەڵام تا ئێستا ئەو ژمارەیە تەواو نەبووە، هەروەها روونیکردەوە، تەنیا 3 ئەندامی کوتلەی عەرەبی، 2 ئەندامی کوتلەی تورکمانی 'ئەحمەد رەمزی و سەوسەن جەدووع' لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەن و لە چاوەڕوانی تەواوبوونی رێژەی یاساییدان، بەڵام هەریەک لە ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن بەشدارییان نەکردووە و نەهاتوونەتە ناو باڵەخانەی ئەنجوومەنەکە.
سۆران کامەران گوتیشی: لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێن، نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلای ئێمەیە، بەڵام نووسینگەی پارێزگا دەڵێت، پارێزگار دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە، راشیگەیاند، لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی لە هۆتێل رەشید لە بەغدا بیستوومە، لەوێ رێککەوتنێک کرا کە سەرۆکی ئەنجوومەن، جێگرەکەی، پارێزگار و جێگرەکەی، هەر لەو رۆژەدا نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان بە 'بێ بەروار' واژۆ کردووە! واتە نامەکە هەیە، بەڵام بەرواری لەسەر نییە و وەک گەرەنتیەک دانراوە بۆ ئەوەی دواتر ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکاندا بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامەکەی کۆتای کریستیان (کوتلەی بابلیۆن) بە هیچ شێوەیەک نەهاتوونەتە ناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا و دەوامیان نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتی تێبینی لەسەر ناوی ئەو کاندیدە تورکمانە هەیە کە پێشکەش کراوە و لە ناوخۆی فراکسیۆنەکەیاندا باس لەوە دەکرێت کە دەیانەوێت ئەو ناوە بگۆڕدرێت کە (محەممەد سەمعان)ـە، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی داوایەکی لەو شێوەیەیان پێشکەش نەکردووە.