ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لەسەر رێگەی بەیروت-دیمەشق بۆردومان کرد و قوربانی لێکەوتەوە
لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی ستراتیژیی نێوان بەیروت و دیمەشق، کەسێک کوژرا و بەهۆی داخستنی رێگەکەشەوە قەرەباڵغییەکی زۆری هاتوچۆ دروست بوو.
پەنجشەممە 16ی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمی لوبنان رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لەسەر رێگەی شاخاوی "زەهرولبەیدەر" کردووەتە ئامانج، کە رێگەی سەرەکیی بەستنەوەی بەیرووت و دیمەشقە. ئەم ناوچەیە بەوە جیادەکرێتەوە کە دەکەوێتە قووڵایی خاکی لوبنان و دوورە لە سنوورەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، لەو هێرشەدا 1 کەس کوژراوە. هەروەها بەهۆی بڕانی بەشێکی رێگەکە، ئاستەنگی زۆر بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان دروست بووە و رێگەی نێوان هەردوو پایتەختەکە بۆ ماوەیەک پەکیکەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە، "جیلا گاملیل" ئەندامی کابینەی ئەمنی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کردووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گفتوگۆ لەگەڵ جۆزێف عۆن دەکات (وەک ئەوەی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری رادیۆی سوپای ئیسرائیلەوە گواستوویەتییەوە).
لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی لوبنانی بە میدیاکانی راگەیاند، حکومەتی لوبنان هیچ زانیارییەکی لەبەردەست نییە سەبارەت بە بوونی هیچ پەیوەندییەک یان گفتوگۆیەکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ سەرکردایەتی ئیسرائیل.
ئەم هێرشەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەنێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەندرا بەڵام چەند جارێک لەلایەن ئێران و ئیسرائیل ئاگربەستەکە فەرامۆش کراوە و هێرشی جیا جیا کراوە.