هاتوچۆی هەولێر رێگای چوون بۆ سەیرانگای هەنارە دەگۆڕێت
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەکی گرنگی بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران بڵاوکردەوە و تێیدا گۆڕانکاری لە رێگای چوون بۆ سەیرانگای هەنارە راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێکی هاتوچۆی هەولێر کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی رێگریکردن لە دروستبوونی جەنجاڵی و رێکخستنی شەقامەکان لە رێگەی سەیرانگاکانی سنووری پارێزگای هەولێر، بڕیاردراوە بە گۆڕینی ئاراستەی هاتوچۆ بۆ سەیرانگای هەنارە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "رێگای بەستۆڕە کە دەچێتەوە سەر سەیرانگای هەنارە بەتەواوی دادەخرێت."
هاتوچۆی هەولێر رێنمایی دەداتە ئەو گەشتیار و هاووڵاتیانەی دەیانەوێت سەردانی سەیرانگای هەنارە بکەن، کە لەبری رێگای بەستۆڕە، پێویستە رێگای (کەسنەزان - گۆمەسپان) بەکاربهێنن وەک تاکە رێگای گەیشتن بەو سەیرانگایە.
ئەم هەنگاوەی هاتوچۆی هەولێر بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکارییە بۆ شۆفێران لە کاتی سەردانیکردنی ناوچە گەشتیارییەکان.