مەحموود محەمەد: پارتی قوربانی زۆری لە پێناو کەرکووک داوە
گوتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد، بارودۆخی ئێستای کەرکووک درێژەپێدەری سەفەقاتی هۆتێل رەشیدە، هەروەها پارتی هەڵوێستی روون ئاشکرایە و دژی سەفەقاتەکە بووە.
پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ئێمە وەک پارتی هەمیشە پاڵپشتى لە مافى پێکهاتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکەین.
گوتەبێژی پارتی دەڵێت: بەو پەڕى راشکاوییەوە رایدەگەیەنین، کە سەقامگیرى و پێشکەوتنى وڵاتەکەمان بەندە بە دابینکردنى مافە رەواکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینى و ئایینزاکان، هەروەها بڕواشمان وایە کەرکووک مەڵبەندى پێکەوەژیانى تەواوى پێکهاتەکانیەتى.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "هەڵوێستى پارتیمان روون و ئاشکرایە و دژى ئەو سەفەقاتانە بووین کەبەدەر لە نیازپاکى لە هۆتێل رەشید بەبێ بەشدارىی لایەنە سیاسییەکانى کە نوێنەرایەتىی خەڵکى خۆڕاگرى کەرکووکیان دەکرد، بەسەر ئەو شارە خۆشەویستەدا سەپێنران، ئەم بارودۆخەى ئێستاش لێکەوتە و درێژەپێدەرى ئەو سەفەقاتانەیە!".
مەحموود محەمەد، دووپاتی کردەوە، ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، قوربانى زۆرمان لە پێناو کەرکووک وەکو نیشتمان و خەڵکە ئازیزەکەى داوە و، هەموو هەڵوێست و هەوڵەکانمان بۆ سەربەرزى و بەختەوەرییان بووە.
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ ئەو بڕیار و راسپاردانەدا دەبین کە بە هاوبەشى هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانى پێکهاتەکانەوە بدرێن.
لە رێککەوتی 10ـی ئاب 2024، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا یەکلاکرایەوە.
ئەم هەنگاوە لە رێگەی هاوپەیمانییەتیی نێوان "فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، "بەشێک لە نوێنەرانی پێکهاتەی عەرەبی" و "نوێنەری بزووتنەوەی بابلیۆن" ئەنجامدرا، لە غیابی هەریەکە لە "پارتی دیموکراتی کوردستان"، "بەرەی تورکمانی" و هاوپەیمانی عەرەبی.