محەمەد سەمعان بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەهای لە پۆستی پارێزگار پەسەند کرد، هەروەها بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بە پارێزگاری نوێی شارەکە هەڵبژێردرا.
پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەمڕۆیدا، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە هەیکەلی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکەدا پەسەند کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەن بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەهای لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پەسەند کرد، کە ئەم هەنگاوەش وەک پابەندییەک بوو بەو رێککەوتنە سیاسییەی کە لە 10ـی ئابی 2024 لە هۆتێل رەشیدی بەغدا لە نێوان یەکێتی، بزووتنەوەی بابلیۆن و بەشێک لە لایەن عەرەبییەکان وژاۆ کرابوو.
دواتر، پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بەڕێوەچوو؛ لە کۆی 14 ئەندامی ئامادەبووی ئەنجوومەن، 12 ئەندام دەنگیاندا بە محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، تا وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک ئەرکەکانی لە ئەستۆ بگرێت.
لە هەمان کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیارێکی دیکەی دەرکرد و نەشئەت شاوێزی وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژارد، بە مەبەستی تەواوکردنی پێکهاتەی یاسایی و کارگێڕی ئەنجوومەنەکە.
بەپێی زانیارییەکان، پشکی یەکێتی لەم رێککەوتنەدا بریتین لە:
-ئاڤێستا محەمەد، بۆ پۆستی قایمقامی ناوەندیی کەرکووک.
-عەدنان حوسێن، بۆ پۆستی قایمقامی قەزای داقوق.
لە رێکەوتی 10ـی ئاب 2024، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا یەکلاکرایەوە.
ئەم هەنگاوە لە رێگەی هاوپەیمانییەتیی نێوان "فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، "بەشێک لە نوێنەرانی پێکهاتەی عەرەبی" و "نوێنەری بزووتنەوەی بابلیۆن" ئەنجامدرا، لە غیابی هەریەکە لە "پارتی دیموکراتی کوردستان"، "بەرەی تورکمانی" و هاوپەیمانی عەرەبی.