دۆناڵد ترەمپ: بەم نزیکانە کۆتایی بە جەنگی ئێران دێت
ئەمڕۆ هەینی، 17ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو جەنگەی ئەمریکا دژی ئێران دەیکات نزیکە لە کۆتایی و سەرهەڵناداتەوە، بەو پێیەی ئاگربەست وەکو خۆیەتی بۆ ئەوەی رێگە خۆشبکات بۆ ئاشتییەکی هەمەلایەنە.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری لاس ڤێگاس گوتی: "جەنگی ئێران زۆر بە زوویی کۆتایی دێت و ئەدای سەربازیی ئەمریکا تەواو بووە"، دەشڵێت، "سەرکەوتن لە ئێران زۆر نزیکە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنیا دوو مانگی خایاندووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕەکە زۆر بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت و واشنتن توانای ئەوەی هەیە هەرچی بیەوێت لە ئێراندا بیکات، جەختیشی کردەوە کە " سوپای ئەمەریکا بەهێزترینە لە جیهاندا".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، نایەوێت بچێتە جەنگەوە و روونیشیکردەوە کە پێویستە "رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تاران بکرێت. "
ئەوەی لە لێدوانەکانی ترەمپدا جێی سەرنج بوو، ئەوە بوو کە ستایشی ئێرانی کرد و گوتی "وڵاتێکی بەهێز و زیرەکە و شەڕکەری توندی هەیە".
هەروەها دوێنێ پێنجشەممە، ترەمپ رایگەیاند، ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەردوولا نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی کە کۆتایی بە شەش هەفتەی جەنگ دەهێنێت.