سوپای لوبنان ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات
سوپای لوبنان ئیسرائیل بە ئەنجامدانی چەندین "کردەوەی شەڕەنگێزانە" و پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات. هاوکات سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی باشووری لوبنان کە نزیکی ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی نەبنەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش جەخت لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی دەکاتەوە.
رۆژی هەینی 17ی نیسانی 2026، سوپای لوبنان رایگەیاند، لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست لە نیوەشەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، چەندین پێشێلکاریی جۆراوجۆریان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە تۆمار کردووە.
سوپای لوبنان ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە چەندین "کردەوەی شەڕەنگێزانە"ی ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆردوومانی پچڕپچڕ چەند گوندێکی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج. بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەشەوە، سوپای لوبنان داوای لە هاووڵاتییان کرد گەڕانەوەیان بۆ گوند و شارۆچکەکانی باشووری وڵاتەکە دوا بخەن.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتە دانیشتووانی باشووری لوبنان کە بۆ ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی نەچن، روونیشیکردەوە کە لەگەڵ دەسپێکردنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، هێزەکانیان هێشتا لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکراوە.
دوێنێ شەو رێککەوتنی ئاگربەستی 10 رۆژی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە لە ئارادایە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئیسرائیل "مافی خۆیەتی هەموو رێکارێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە خۆی بگرێتە بەر." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بەیاننامەیە بە رەزامەندی ئیسرائیل و لوبنان بووە و وەک یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنە لەسەر مەرجەکانی ئاگربەستەکە.