ئەحمەد هیلالی: تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە بە دامەزراوەکانی سووریا بەرەو پێش چووە
گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی کە ئەرکی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی لەگەڵ هەسەدە پێسپێردراوە، رایگەیاند، کۆبوونەوەی دوێنێی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەخۆناگرێت، بەڵکو لە چوارچێوەی بەدواداچوونی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ دامودەزگاکانی سووریا.
ئەحمەد هیلالی بە کەناڵی ئەخبارییەی سووریای گوت: ئەم رێککەوتنە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
روونیشیکردەوە، کۆبوونەوە تایبەتەکانی پەیوەست بەم دۆسیەیە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بەڕێوەدەچن، جا چ لە رێگەی سەرۆککۆمارەوە بێت یان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە یان تیمی سەرۆکایەتییەوە، گوتیشی، کۆبوونەوەی مەیدانییش لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە ئامانجی پەرەپێدانی پلانەکان بۆ قۆناغی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
گوتەبێژەکە باسی لەوەشکرد، لە 29ـی کانوونی دووەمی 2026 دا هاتووە، پێویستە پڕۆسەی یەکگرتنەوە یەک مانگ بخایەنێت تا تەواو دەبێت، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی کارگێڕی و رێکخراوەیی جێبەجێکردنەکەی دوا کەوت.
هیلالی دووپاتی کردەوە، پێشکەوتن لە پڕۆسەی یەکگرتنەوەدا بەدیهاتووە، بەو پێیەی لیستی ناوەکان لەلایەن هێزەکانی هەسەدە پێشکەش بە سەرکردایەتی فیرقەی 60 کراون، لەگەڵ کارکردن بۆ پێکهێنانی لیوایەک لە پارێزگای حەسەکە کە لە چوارچێوەی ئەم فیرقەیەیە، هەر لیوایەک لە نزیکەی 1300 چەکدار پێکدێت، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک ئەفسەر دەخرێنە ژێر خولی مەشقی تایبەتمەندەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەو پێکهاتانە.
ئەحمەد هیلالی ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبردنی ئەو زیندانانە دەگرێتە ئەستۆ کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدە دا بوون، ئەم دۆسیەیە بە یەکێک لەو دۆسیە هەستیارانە دەزانێت کە وردە وردە کاری لەسەر دەکرێت وەک ئامادەکارییەک بۆ تەواوکردنی.
دەشڵێت، لە داهاتوو هەنگاوی زیاتر دەنرێت لەوانە کردنەوەی دەروازەی نوێ، بەهێزکردنی ئاسایش، جگە لە کردنەوەی کۆشکی داد، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە دادوەرییەکان.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، هیلالی گوتی: ئاڵنگارییەکان پەیوەندییان بە داڕشتنەوەی دامودەزگاکانەوە هەیە، بەو پێیەی پارێزگاری حەسەکە زیاتر لە 60 بەڕێوەبەرایەتی لەخۆدەگرێت کە پێویستیان بە رێکخستنەوە هەیە، لە رووی کارگێڕییەوە بەستراوەتەوە بە دامودەزگا حکوومییەکانەوە، ئەمە جگە لە بوونی ئەو دامەزراوانەی کە ساڵانێکە ناچالاک بوون و ئەوانی دیکەش کە لەلایەن هێزەکانی هەسەدە دامەزراون، ئەمەش بووە هۆی سەرکەوتنی کارگێڕی کە پێویستی بە چارەسەری وردە وردە هەیە.
ئەحمەد هیلالی لەسەر کەرتی پەروەردە و خزمەتگوزارییەکان قسەی کرد و گوتی: بەڕێوەبەرێکی پەروەردە لە حەسەکە دانراوە، هەروەها ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەرکەوتووە نۆژەندەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانەوەی نزیکەی دوو هەزار خێزان لە کۆی هەشت هەزار خێزان بۆ عەفرین یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر قوتابخانەکان، هەروەها گەڕانەوەی خێزانەکانی دیکەش بەردەوامە.
سەبارەت بە دۆسیەی رەگەزنامە، هیلالی جەختی کردەوە، ئەوەی لەبارەی پێدانی رەگەزنامە بڵاودەکرێتەوە نادروستە، روونیشیکردەوە، کارەکان سنووردارە بە پرۆسێسکردن و دیراسەکردنی داواکارییەکانی کەسانی تۆمارنەکراو بەپێی رێکارە یاسایی و ئەمنییە وردەکان.