تۆم بەڕاک: پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە باشترین ئاستدایە و ناوچەکە بەرەو سەقامگیری دەچێت
تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، رایگەیاند کە پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە لە هەمیشە باشترن. ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانەکانی فڕۆکەی F-16 دەستپێدەکەنەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سووریا و ناوچەکە بەرەو سەقامگیرییەکی زیاتر هەنگاو دەنێن.
هەینی 17ی نیسانی 2026، تۆم بەڕاک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا هەرگیز وەک ئێستا باش نەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تورکیا هاوپەیمانێکی سەرەکی و دووەم گەورەترین هێزی ناتۆیە، رۆڵێکی کاریگەریشی لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپادا هەیە.
سەبارەت بە دۆسیەی سەربازی، بەڕاک ئاشکرای کرد کە تورکیا لە بەشێک لە پڕۆگرامی فڕۆکەی F-35 بەشدارە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا هەردوولا دەست بە دانوستان دەکەنەوە دەربارەی فڕۆکەکانی F-16. دەربارەی سزاکانیش وتی: "سزاکانی ئەمریکا لە رابردوودا کاریگەرییان لەسەر تورکیا نەبووە، چونکە تورکەکان زیرەکن و دەزانن چۆن خۆیان لە سزا بپارێزن، یان رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکە بکەن."
لە تەوەرێکی دیکەدا، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا باسی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل کرد و گوتی: "پێموایە تورکیا و ئیسرائیل لە یەک بەرەن، هەروەک چۆن ئیسرائیل رێککەوتنی لەگەڵ ئەبوزەبی هەیە. ئەوەی لە نێوانیاندا دەگوزەرێت زیاتر لە قسە و پڕوپاگەندە دەچێت، بەڵام لە راستیدا پێکەوە کاردەکەن و پەیوەندییان ماوە."
سەبارەت بە دۆخی سووریا، تۆم بەڕاک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان ستراتیژییەکی جیاوازیان گرتووەتە بەر و گوتی: "بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە سەربازمان دەنارد، لە چەند رۆژی رابردوودا کۆتا سەربازمان لەو بنکانە کشانەوە کە ساڵانێک بوو شەڕی داعشیان لێ دەکرد."
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە لە رابردوودا کێشە لە نێوان کورد، درووز و پرۆکسییەکانی ئێراندا هەبوو، بەڵام ئێستا ناوچەکە بەرەو سەقامگیری دەچێت و بارودۆخەکە لە 50 ساڵی رابردوو بەو جۆرە باش نەبووە. جەختیشی کردەوە کە واشنتن هەوڵ دەدات بە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە، دەرفەتێکی نوێ بۆ ئاشتی لە سووریا بڕەخسێنێت.