ئیسرائیل گەڕانەوەی دانیشتووانی 55 گوندی باشووری لوبنان قەدەغە دەکات
رادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، 55 گوند لە باشووری لوبنان کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل و لەم قۆناغەدا رێگری لە دانیشتووانەکەی دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.
هەینی 17ـی نیسانی 2026، رادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل بەنیازی جێبەجێکردنی پلانی دانانی هێڵی زەردە لە لوبنان، کە هاوشێوەی ئەو هێڵە زەردەیە لە کەرتی غەززە پەیڕەو دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ناوچەیەکی ئاسایشی توند لە درێژایی سنوورە باکوورییەکانمان دروستکراوە، کە لە لوبنانەوە دەستپێدەکات تاوەکو بەرزاییەکانی جۆلان و یەرموک، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل".
هاوکات، یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی کردەوە، پرسی داماڵینی چەکی حزبوڵڵای لوبنان لە ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی، دوای تەواوبوونی ماوەی ئاگربەستە کاتییەکە، یان لە رێگەی سیاسییەوە یان لە رێگەی سەربازییەوە یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەم جموجۆڵە سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی 17ـی نیسانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا دوایین پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکانی بەرەی باکووری وڵاتەکەی و رێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ لوبنان راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل دەستکەوتی مێژوویی لە باکوور بەدەستهێناوە و گوتی: "ئێمە نزیکەی 90%ـی کۆگاکانی مووشەک حزبوڵڵامان لەناو بردووە کە حەسەن نەسروڵڵا لە ماوەی چەندین ساڵدا دروستی کردبوون".
ئاماژەی بەوەش کرد کە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و هەزاران چەکداری حزبوڵڵا، لەگەڵ "ئۆپەراسیۆنی بیپەرەکان"، وایکردووە کە حزبوڵڵای ئێستا تەنیا "سێبەرێکی" ئەو حزبوڵڵایە بێت کە پێشتر هەبوو.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە بۆ یەکەمجار پشتێنەیەکی ئەمنیی درێژیان بە درێژایی سنووری باکوور دروست کردووە، کە لە رۆش هانیکراوە دەست پێ دەکات تاوەکوو کێوی حەرمۆن و بەرزاییەکانی جۆلان و دەگاتە رووباری یەرموک؛ گوتیشی: "ئەوان دەیانویست بە بازنەیەکی ئاگر دەوورمان بدەن، بەڵام ئێمە بە بازنەیەکی ئەمنی دەورمان دان".
ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل بە فەرمی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئاگربەستێکی کاتی لە لوبنان گوتی: "لەسەر داوای هاوڕێم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،کە پێکەوە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان گۆڕی، رەزامەند بووین لەسەر ئاگربەستێکی کاتی بۆ ئەوەی دەرفەت بدەینە چارەسەرێکی سیاسی و سەربازیی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی لوبنان".
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە بۆ یەکەمجارە لە دوای 43 ساڵ، نوێنەرانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی لوبنان گفتوگۆ دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت: "رێگەی ئاشتی هێشتا درێژە، بەڵام دەستمان پێکردووە. ئێمە دەستێکیان چەکمان پێیە و دەستەکەی ترمان بۆ ئاشتی درێژ کردووە." دووپاتیشی کردەوە کە ئامانجی کۆتاییان هەڵوەشاندنەوەی چەکداریی حزبوڵڵا و گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل، و هۆشداریشی دا هێشتا مەترسیی مووشەک و درۆنەکان ماون و کاریان لەسەر دەکەن.