بەریتانیا و فەڕەنسا سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەک دەکەن بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین

بەریتانیا و فەڕەنسا خەریکی داڕشتنی کۆتا پلانی ووردن بۆ سەرپەرشتیکردنی نێردەیەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لەو مینانەی تێیدا چێندراون.

پێنجشەممە 4ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "بلومبێرگ" کە لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە وەریگرتووە، لە ئێستادا گواستنەوەی دەریایی لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە بازرگانییەکانی جیهاندا بە پەککەوتوویی ماوەتەوە، ئەوەش دوای ئەو پێکدادانە سەربازییانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا روویاندا.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پلاندانەرە سەربازییەکانی چەندین وڵات گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان بە مەبەستی لابردنی ئەو مینە دەریاییانەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چێندراون، هاوکات ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوپەیمانییەکی پێک هێناوە کە 15 وڵات لە خۆ دەگرێت و ئامادەکارییان کردووە بۆ دابینکردنی هێزی مرۆیی و کەرەستەی سەربازی پێویست.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم وڵاتانە چەند هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی کردەیی بچنە ناو پرۆسەکەوە،  ئەمەش تەنیا بە مەبەستی دڵنیایی پێدان بە کەشتییە بازرگانییەکان، هەرچەندە پلانەکە تەواو بووە، بەڵام هێشتا بەدوای هەندێک کەلوپەلی زیادەدا دەگەڕێن، بەتایبەتی کەشتییەکانی پاڵپشتی.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، رەزامەندی کۆتایی بۆ دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەستراوەتەوە بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان واشنتن و تاران، کە تیایدا مافی هاتوچۆی بازرگانی و دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ هێزە سەربازییەکان لە ناو گەرووەکەدا مسۆگەر بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مەترسی مینە ئێرانییەکانی بە کەم ناوبرد و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا زۆربەی مینەکانیان لاداوە،  بەڵام مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی راگەیاندبوو ئێران لە بەشێکی زۆری گەرووەکەدا مینی چاندووە.

ترەمپ جەختی کردەوە، گەرووەکە دەستبەجێ دەکرێتەوە کاتێک ئێران یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ دەکات، هەرچەندە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاندووە هێشتا بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆ لە گفتوگۆکاندا نییە.

ئەم پلانە پێشوەختەیە دەریدەخات کە هێزە ئەوروپییەکان دەیانەوێت رۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی کەنداو بگێڕن، لەمبارەیەوە ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئەم نێردەیە دابینکردنی توانای زیادەیە بۆ پاککردنەوەی مین و پاسەوانیکردنی کەشتییەکانە لە کاتی پێویستدا.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بەریتانیا و فەڕەنسا دەیانەوێت هێڵێکی پەیوەندی لەگەڵ تاران بکەنەوە سەبارەت بە لایەنە تەکنیکییەکانی کارەکە، هەرچەندە ئێران خواستی نیشانداوە کە خۆی مینەکان لابدات، بەڵام وڵاتانی ئەوروپی پێیان وایە ئێران توانای پێویستی نییە و پێیان باشە خۆیان سەرپەرشتی پڕۆسەی پشکنین و پاککردنەوەکە بکەن.