توێژینەوەیەک: جگەرەی ئەلیکترۆنی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی زیاد دەکات
توێژەران هۆشداری دەدەن لەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، سەرەڕای ئەوەی زیانی کەمترە لە جگەرەی توتن.
توێژەرانی زانکۆی کانتربێری لە نیوزلەندا توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە چەندین شێرپەنجە زیاد بکات، وەک شێرپەنجەی سییەکان و لووت.
توێژەران توێژینەوەکەیان لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە کاتی گەرمکردنی شلەمەنیەکان لەم ئامێرانەدا بەرهەمدەهێنرێن و پشکنینی کاریگەرییەکانیان لەسەر جەستە کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم ماددانە رەنگە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە دروست بکەن، لە هەمان کاتدا ئاماژەیان بەوە کردووە، پشتڕاستکردنەوەی وردی ئەم مەترسییە ساڵانێکی زۆری دەوێت، چونکە شێرپەنجە دەتوانێت زیاتر لە 15 ساڵ بخایەنێت تا دەربکەوێت.
هەرچەندە جگەرەی ئەلیکترۆنی هەندێک لە مەترسیدارترین پێکهاتەکانی جگەرەی توتنی تێدا نییە، وەکو قەتران و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، بەڵام بە تەواوی دوور نییە لە ماددە زیانبەخشەکان، ئاستی ماددە ژەهراوییەکان، لەوانەش فۆرماڵدیهاید (کە پەیوەندی بە شێرپەنجەوە هەیە)، هەروەها گەردیلە کانزاییە وردبینەکان، تێیدا دۆزراوەتەوە.
هەروەها توێژینەوەکانی دیکە دەریانخستووە کە بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەوانەیە زیاتر تووشی نەخۆشی درێژخایەنی سییەکان ببن.
بەگشتی ئەنجامی توێژینەوەیەکی ئەم دواییە کە لە گۆڤاری پزیشکی نیوزلەندا بڵاوکراوەتەوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی بەکارهێنەران بەرکەوتەی رێژەیەکی کەمتر لە هەندێک ماددەی ژەهراوی بە بەراورد بە جگەرەی توتن دەکەن، بەڵام ئەم بەرکەوتنە بە تەواوی لەناو نابات.
لای خۆیەوە دەزگای تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا رایدەگەیەنێت، جگەرە ئەلیکترۆنیەکان زیانی کەمتری هەیە لە جگەرەی توتن و رێگەیەکی کاریگەرە بۆ وازهێنان لە جگەرە، بەڵام جەخت دەکاتەوە، بەتەواوی سەلامەت نییە و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی تا ئێستا نادیارە.