ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی سنووری سلێمانی گەڕایەوە
پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی سنووری پارێزگای سلێمانی گەیشتنەوە، هاوکات بڕیارە زیاتر لە هەزار حاجی دیکەش لە رێگەی وشکانییەوە بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ هەزار و 29 حاجی لە رێگەی وشکانییەوە لە سعوودیەوە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم کاروانی حاجییانی سلێمانی کە ژمارەیان 294 حاجییە، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتوونەتەوە.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە دیاریکراوە، بڕیارە لە ماوەی شەش رۆژدا سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعوودیەوە بگەڕێنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییان دەستیپێکرد و هەزار و 27 حاجی لە رێگەی حەوت گەشتی ئاسمانییەوە گەڕانەوە. لە کاتی گەیشتنەوەشیان، لەلایەن وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە گوڵ پێشوازییان لێکرا.
لای خۆشیانەوە، حاجییان ستایشی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد لە مەککە و مەدینە و رایانگەیاند، کە لە شوێنە پیرۆزەکاندا نزای خێر و پاراستنیان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە.