سوپای پاسداران: گەرووی هورمز گەڕایەوە بۆ دۆخی جاران
گوتەبێژی بارەگای "خاتەمولئەنبیا" داخستنەوەی گەرووی هورمزی راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ شکاندنی بەڵێنەکان لەلایەن ئەمریکاوە دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ـی ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی دانوستانەکان و بۆ نیشاندانی نیازپاکی رەزامەندییان نیشان دابوو ژمارەیەکی سنووردار لە کەشتیی نەوتهەڵگر و بازرگانی لەژێر چاودێرییاندا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن.
زولفەقاری ئاماژەی بەوە دا، "ئەمریکا وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بەڵێنەکانی شکاندووە و بەردەوامە لە چەتەیی دەریایی لەژێر ناوی سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر وڵاتەکەیان".
روونیشی کردەوە، بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی جاران و ئەو ناوچە ستراتیژییە لەژێر ئیدارە و کۆنترۆڵی توندی هێزە چەکدارەکانیاندایە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی، 18ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستەکەی لوبنان، گەرووی هورمز بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئاگربەستەکە ماوە، بە تەواوی بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان دەکرێتەوە.
هەروەها، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" سوپاسی بەرپرسانی ئێرانی کرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و بە "گەرووی ئێران" ناوی برد.