لاڤرۆڤ: رۆژئاوا بەڵێنەکانی نەبردە سەر و جیهان بەرەو فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری جیهان وسەی کرد و تێیدا رەخنەی توندی لە سیاستەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و هاوپەیمانی ناتۆ گرت.
لاڤرۆڤ رایگەیاند، هاوپەیمانی ناتۆ لە "باشترین دۆخی خۆیدا نییە"، بەڵام جەختی کردەوە، رووسیا دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو هاوپەیمانییەدا ناکات، ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژئاوا بەڵێنی دابوو ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات پەرە نەسێنێت، بەڵام پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو، گوتیشی، "رووسیا چاوی لە خاکی هیچ وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ نییە."
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ریشەییەکان لە سیستەمی ئابووری و سیاسی جیهاندا کرد و ڕایگەیاند کە جیهان بەرەو "فرەجەمسەری" هەنگاو دەنێت و ناوەندی نوێی هێزی دارایی و تەکنەلۆژی خەریکە دروست دەبن. لاڤرۆڤ وتی: "بەهای دۆلار وەک دراوێکی یەدەگی جیهانی ڕووی لە پاشەکشەیە، تەنانەت ترەمپیش پێشتر ڕەخنەی لە سیاستەکانی بایدن گرتبوو کە بوونەتە هۆی لاوازبوونی دۆلار."
سەبارەت بە دۆخی وزە، لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، ئەوروپا پێویستی بە سەرچاوەکانی وزەی رووسیا هەیە، بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی گرێبەستە درێژخایەنەکان و بە ئامانجگرتنی بۆرییەکانی گاز، ئێستا ئەوروپییەکان باجی هەڵبژاردنە سیاسییەکانی خۆیان دەدەن و گاز بە گرانترین نرخ دەکڕن.
لاڤرۆڤ جیاوازیی نێوان مامەڵەی ترهمپ و بایدنی خستە ڕوو، گوتی: "بایدن هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ رووسیا بڕی، بەڵام ترهمپ ئارەزووی دیالۆگی نیشان دا"، سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیاش گوتی، تووسیا بە بنەما دژی دیالۆگ نییە، بەڵام واشنتن تەنیا بەدوای سەپاندنی هەژموونی خۆی و زیادکردنی سزاکاندایە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاڤرۆڤ جەختی کردەوە، دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین، هەروەها داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە نایاسایی وەسف کرد، سەبارەت بە ڤەنزوێلاش، رایگەیاند، کە ئەمریکا بە بیانووی بازرگانی ماددەی هۆشبەر پەلاماری مادۆرۆی دا، بەڵام دواتر دەرکەوت ئامانجە راستەقینەکە نەوتی ئەو وڵاتەیە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداریی دا لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی نازیزم لە ئەوروپا و گوتی، چەندین دەوڵەت ئێستا ئەو رێچکەیە دەگرنە بەر، ئەمەش بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی ناو برد.
لاڤرۆڤ لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات شێوازێکی نوێی "جەنگی جیهانی سێیەمە"، بەڵام دووپاتی کردەوە کە ڕووسیا بە باشی دەزانێت چۆن خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بگونجێنێت.