دوای سزاکانی واشنتن؛ گۆڕانکاریی لە دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت
لە کاتێکدا کێبڕکێی توند لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران گەیشتووەتە لوتکە، چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانیوە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش رێکبکەوێت. ئەم بنبەستە سیاسییە بووە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەی چارەنووسسازی هاوپەیمانییەکە، کە بڕیار بوو ئەمشەو بەڕێوە بچێت.
شەممە، 18ـی نیسانی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: کۆبوونەوەی بڕیارلێدراوی ئەمشەوی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، لەسەر داوای محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە.ئەم دواخستنە ئاماژەیەکی روونە بۆ بوونی ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەر پرسی کاندیدی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، نەخشەی پشتگیرییەکان لە نێو چوارچێوەکەدا دابەش بووە؛ بە جۆرێک پێنج سەرکردە پشتگیری لە داواکەی محەممەد شیاع سوودانی دەکەن، لە بەرامبەردا حەفت سەرکردەی دیکە پاڵپشتی لە باسم بەدری، کاندیدەکەی نووری مالیکی دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. ئەم دابەشبوونە بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە "بەنبەستی سیاسی" کە تێیدا هیچ کام لە جەمسەرەکان ئامادەی سازشکردن نین بۆ لایەنەکەی دیکە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی شەوی رابردووی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە سزادانی بەشێک لە گرووپەکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمە"، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر دواخستنی کۆبوونەوەکە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کاندیدکردنی سەرۆکوەزیران هەبووە. ئەم فشارە نێودەوڵەتییانە لایەنە سیاسییەکانی ناچار کردووە بە وریاییەکی زیاترەوە هەنگاو بنێن.
لە لایەکی دیکەوە، دیلان بارزان ئەوەشی خستە روو، بەرەی سوودانی لە نێو چوارچێوەکەدا رایانگەیاندووە، مادام سوودانی وەک کاندید شانسی نەماوە یان رەزامەندی لەسەر نییە، دەبێت بەرەکەی مالیکیش کاندیدەکەیان (باسم بەدری) بگۆڕن. ئەم پێشهاتە ئەگەری گۆڕینی باسم بەدری لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەهێز کردووە.
چاودێرانی سیاسی و سەرچاوە نزیکەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر بارودۆخەکە بەم ئاراستەیە و بەبێ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بەردەوام بێت، ئەوا کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەش ئەنجام نادرێت.
پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییدا چوارچێوەی هەماهەنگی پەنا بۆ کاندیدێکی "تەوافوقی" ببات، کە نە سەر بە بەرەکەی سوودانی بێت و نە مالیکی، تا بتوانن رەزامەندی تێکڕای سەرکردەکانی پێ بەدەست بهێنن و تێپەڕین لەم قەیرانە نێوخۆییە مسۆگەر بکەن.