ئاڵای سەرایا سەلام لەسەر بارەگاکانی سامەڕا داگیرا

چەکدارانی سەرایا سەلام لەسەر بڕیاری موقتەدا سەدر وەک یەکەم هێزی حەشدی شەعبی چەکەکانیان رادەستی سوپای عێراق کرد و ئاڵای خۆیان لەسەر بارەگاکانیان لە سامەڕا داگرت.

دوای داواکاریی عەلی زەیدی, سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپەکانی حەشدی شەعبی، هێزەکانی سەرایا سەلام لە سامەڕا چەک و تەقەمەنییەکانیان رادەستی سوپای عێراق کرد. رادەستکردنی ئەم چەکانە لەسەر بڕیاری موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە بووە بۆ ئەوەی رادەستی دەوڵەت بکرێن.

ئەم هێزە لە سێ یەکە و چوار هێزی گەورە پێکدێت و لە نێوان 20 بۆ 50 هەزار چەکداریان هەیە. دوای ساڵی 2014 و سەرهەڵدانی مەترسییەکانی داعش بۆ سەر شوێنە ئایینییەکان لە سنووری سامەڕا، چەکدارانی سەرایا سەلام باڵادەستییان لە ناوچەکەدا سەپاند و دەیان بارەگایان لەو شارەدا دروست کرد.

لە لایەکی دیکەوە قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی چەکدارەکانی سەرایا سەلام پیرۆز و گرنگە. روونیشی کردەوە، لە رووی کارگێڕییەوە ئەم چەکدارانە سەربە حەشدی شەعبی بوون، بەڵام پەیوەندیی سیاسییان هەبووە و لەمەودوا پەیوەندییان بە یەکە کارگێڕییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەبێت.

سەرایا سەلام گرووپێکی چەکداریی شیعەیە لە ساڵی 2014 لەلایەن موقتەدا سەدرەوە دامەزرا، ئەوەش دوای ئەوەی رێکخراوی داعش دەستی بەسەر چەندین ناوچەی عێراقدا گرت. ئامانجی سەرەکیی ئەم هێزە پاراستنی مەزارگە ئایینییەکان بوو بەتایبەتی مەزارگەی عەسکەرییەن لە شاری سامەڕا.

 لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەم هێزە کۆنترۆڵی ئەمنیی تەواوی شارەکەی کردبوو. لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، هەڵمەتێک بۆ رێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان و نەهێشتنی چەکی دەرەوەی دەوڵەت دەستی پێ کردووە و سەدریش وەک پشتگیرییەک بۆ ئەم پرۆسەیە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازیی رەوتەکەی داوە.